رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردە رایگەیاند، 13ی ئەیلوول یەکەم رۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دەبێت. گوتیشی، بۆ خوێندنی ساڵی نوێ، جگە لە رۆژی هەینی، رۆژانی شەممەش دەکرێتە پشوو و دواتر رێنوێنیی تایبەت بە پشووەکە بڵاودەکەنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی تەممووزی 2023 ئەنجوومەنی وەزاریی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دهۆک کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکە باسکردن بووە لە رێکخستنەوەی کاتی دەوامی قوتابخانەکان بۆ ساڵی خوێندنی 2023 – 2024 و بە کۆدەنگیی ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە بڕیار دراوە، رۆژانی شەممە لە سەرتاسەری ناوەندەکانی خوێندنی حکومی پشووی فەرمی بێت و هەفتانە رۆژانی یەکشەممە بۆ پێنجشەممە دەوام لە قوتابخانەکاندا بکرێت.
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، دواتر لە گشتاندنێکدا وردەکاریی بڕیارەکەیان ئاراستەی هەموو پەروەردەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

بڕیارەکە، بە گوتەی وەزیری پەروەردە، لە ئەنجامی گفتوگۆیەکی "ورد" بووە لەسەر ساڵنامەی خوێندن و چەند "سوود"ێکی هەیە، لەوانەش، مامۆستایان لەجیاتی شەش رۆژ، پێنج رۆژ دەوام دەکەن و ئەوەش لەڕووی خەرجییەوە سوودی بۆ مامۆستا و قوتابی و خێزانەکانیشیان هەیە.
ئالان حەمەسەعید رەتیکردەوە بڕیارەکە کاریگەریی لەسەر پرۆسەی خوێندن هەبێت و گوتی، بە شێوەیەک بڕیارەکەیان داوە کە کاریگەریی لەسەر کواڵێتیی خوێندن نەبێت.
13ی ئەیلوول ساڵی نوێی خوێندن دەستپێدەکات
سەبارەت بە رۆژی دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن، وەزیری پەروەردە گوتی، "13ی ئەیلوول دیاریکراوە بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن و لە رۆژی 17ی هەمان مانگدا یەکەم وانە دەخوێندرێت."
کۆی گشتیی رۆژانی خوێندنی ساڵی خوێندنی 2023 - 2024 لە 170 رۆژ کەمتر نابێت. وەزیری پەروەردە دەڵێت، "توانیومانە پارێزگاری لە ئاستی رۆژانی خوێندن بکەین، سوودمان لە هەندێک پشووی تایبەتی خۆمان بینیوە بۆ ژمارەی رۆژانی خوێندن، بەڵام ئەو پشووانە نا کە حکومەت و پەرلەمان دیارییان کردووە."
ئالان حەمەسەعید ئەوەشی خستەڕوو، بەگوێرەی خشتەیەک، کە ئامادەیان کردووە، لە ساڵی نوێی خوێندندا رۆژانە شەش وانە دەخوێندرێن بۆئەوەی زیان بە پرۆگرامی خوێندن نەگات.
سەبارەت بەو قوتابخانانەی سێ دەوامیان تێدایە، کە چۆن شەش وانە بخوێنن، وەزیری پەروەردە گوتی، سەرەتای ئەم کابینەیەی حکومەت 127 قوتابخانەی سێ دەوامی هەبوون، ئێستا دابەزیون بۆ 60 قوتابخانە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەرقاڵی دروستکردنی 127 ژوورن و تاوەکو 10ی ئەیلوول ژمارەی قوتابخانەی سێ دەوامی کەمدەبێتەوە بۆ 10 بۆ 12 قوتابخانە.
بە گوتەی ئالان حەمەسەعید، 70%ی قوتابخانەکان یەک دەوام و 28.3% دوو دەوام و 1.7% سێ دەوامیان تێدا دەکرێت. گوتیشی، دەوامی شەوان بە سێ دەوامی هەژمار ناکرێت، چونکە قوتابخانە تەواو چۆڵیش بێت ئەوان هەر دەبێت دەوامی ئێواران – شەوان بکەن.
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو 25ی ئاب کتێبەکانی خوێندن رادەستی پەروەردەکان دەکرێن کە ئەمساڵ نزیکەی 20 ملیۆن کتێب چاپ کراون بە تێچووی زیاتر لە 23 ملیار و 500 ملیۆن دینار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ