کوردستان
لۆگۆی سامانە سرووشتییەکان، باکگراوندەکە درۆنێکی تێکشکاوە. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە.
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات سنوورێک بۆ هێرشەکانی سەر سەرچاوەکانی وزە دابنێت.
رۆژی چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
وەزارەتەکە نیگەرانی خۆی لە بەردەوامبوونی هێرشەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان دەردەبڕێت و بە "تیرۆریست"ـی ناویان دەبات.
لە راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بێنە سەرخەت بۆ رێگەگرتن لە هێرشەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکان.
وەزارەتەکە داواش لە عێراق دەکات، "سنوورێک" بۆ هێرشەکان دابنێت.
راگەیەندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەکاتێکدایە، کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان- ئەپیکور رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانەوە زۆربەی کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەکە، بەرهەمهێنانیان راگرتووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لەم مانگەدا 16 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر باشووری کوردستان. بەپێی بەدواداچوونەکە، 6 لەو هێرشانەی کراون، بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت بوون، کە چواریان ئەمڕۆ چوارشەممە کرانە سەر کێڵگە نەوتییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک.
دەقی راگەیێندراوەکە:
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە رێكەوتی 16ی تەمووزی 2025 كاتژمێر (7:10)ی ئێوارە بۆ جاری دووەم لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە، هێرش كرایەوە سەر كێڵگەی نەوتی هانت ئویلی ئەمەریكی لە باعەدرێ لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆك، كە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێكی گیانی لێ نەكەوتووەتەوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان نیگەرانییەكی قووڵی لە بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە هەیە و بە تووندی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە ئیدانە و شەرمەزار دەكات، كە دەكرێتە سەر دامەزراوەكانی وزە لە هەرێمی كوردستان و مەترسیی لەسەر هاوڵاتییانی ئەم ناوچانە و سەلامەتی كارمەندانی مەدەنی كەرتی وزە دروست دەكات، لەهەمان كاتدا دووبارە بانگەوازی هەموو لایەنی پەیوەندیدار لە حكومەتی فیدراڵی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین كە بێنە سەر خەت بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی سیڤلی ناوچەكە و كارمەندانی مەدەنی و ئەمنییەتی ووزە و ڕێگرتن لە هێرشی دیكە بۆ سەر كەرتی ووزەی كوردستان.
هێرشە درۆنییەكانی 14و 15و 16ی تەمووزی 2025 بۆ سەر ژێرخانی ئابووری و كێڵگە نەوتییەكانی (خۆرمەڵە و سەرسەنگ و بیشخاپوور و عین سفنی) لە پارێزگای هەولێر و پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زیانی ماددی گەورەی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دروست كردووە، بۆیە جارێكی دیكە داوا دەكەین كە حكومەتی فیدراڵی بەئەركی خۆی هەڵسێت بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ ئەم هێرشانە دابنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ