رووداو دیجیتاڵ
کارکردن لە پڕۆژەی گوندی نوێی کۆجۆ لە شنگال دەستپێدەکاتەوە و حکومەتی عێراقیش 19 ملیار دینار بۆ تەواوکردنی تەرخان دەکات. راوێژکارێکی سوودانی دەڵێت، خانووەکان بێ بەرامبەر دەدرێنە خەڵکی گوندەکە.
خەلەف شنگالی، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی، ئەمڕۆ شەممە، 16-08-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەسەر بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە هاوئەهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، رەزامەندی لەسەر تەواوکردنی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی گوندی نوێی کۆجۆ دەربڕی."
پڕۆژەکە لەسەر رووبەری 65 دۆنم زەویی جێبەجێ دەکرێ و لە 134 خانوو پێکدێ. خزمەتگوزارییەکانی وەک رێگەوبان، تۆڕی ئاوەڕۆ، کارەبا، قوتابخانە، بنکەی تەندروستی و سەوزایی بۆ دابین دەکرێ.
پێشتر لە 5ی ئەیلوولی 2024دا بەردی بناخەی پڕۆژەکە دانرا کە لەلایەن رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM)، ئاژانسی ئەمریکی بۆ پەرەپێدان (USAID)، رێکخراوی (UNDP) و دەستپێشخەریی نادیە مورادەوە پارەدار کرابوو، بەڵام دواتر بەهۆی ئەوەی ئاژانسی USAID پشتیوانیی دارایی پڕۆژەکانی راگرت، کارکردن وەستا.
لەسەر راسپاردەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رۆژی 14ی نیسانی ئەم ساڵ، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە 29ی هەمان مانگ رەزامەندی نیشاندا بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە لەسەر بودجەی حکومەتی فیدراڵی.
لە مانگی ئابی 2014دا چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر سنووری شنگال و یەکێک لەو شوێنانەی رووبەڕووی کاولکاری و کوشتاری گەورە بووەوە بریتی بوو لە گوندی کۆجۆ کە زیاتر لە 400 پیاویان کۆمەڵکوژ کران و زیاتر لە 700 کچ و ژنیشیان لە لایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ