رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق دەڵێت، زانکۆی گەرمیان باوەڕپێنەکراوە و ناوی دەرچووانی لە لیستی دامەزراندن دەرهێناوە، دەرچووانی بە ناچاری کارێک دەکەن کە پەیوەندیی بە پسپۆرییەکەیانەوە نییە.
ئیبراهیم خەلیل، دەرچوی زانکۆی گەرمیانە و باسی دۆخی ناوچەکەی دەکات و دەڵێت، "بەحوکمی ئەوەی خەڵکی ناوچە دابڕێندراوەکانین ئومێدێکمان هەیە لە حکومەتی بەغدا دابمەزرێن، نزیکەی دوو ساڵ پێش ئێستا فۆڕممان پڕکردەوە بە پێی خاڵبەندی ناوەکانمان گەڕایەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی زانکۆی گەرمیانمان تەواوکردووە، هەموومانیان دروخستەوە. من ناوم هاتووەتەوە، بەڵام دورخراومەتەوە، من ئەم ئیشەم دەسکەوتوە هاوڕێکانم کرێکاریشیان دەست ناکەوێت."
ئاریان یوسف، دەرچووێکی دیکەیە و ماستەری لە ئێران هێناوەتەوە، ئەویش بەکالۆریۆسەکەی زانکۆی گەرمیانە و حکومەتی عێراق راستاندن بۆ ماستەرەکەی ناکات.
ئاریان یوسف ئاماژە بەوە دەکات، "منیش بە هەمان شێوە وەک هەموو خوێندکارەکانی دیکە نفوس و کارتی زانیاریم خانەقینە. چوومە ئەوێ بۆ تەعینات زانیان باکالۆریۆسەکەم زانکۆی گەرمیانە تەعدیدیل شەهادەیان بۆ نەکردم، گوتیان بڕۆرەوە تاوەکو ئەو کاتەی کێشەی زانکۆی گەرمیان چارەسەر دەبێت."
ئەندامانی پەرلەمانی عێراق و حکومەتی هەرێم لە هەوڵدان حکومەتی عێراق رازی بکەن زانکۆی گەرمیان بخاتە نێو زانکۆ قبووڵکراوەکان.
شوان محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بەروداوی راگەیاند، "خەڵکی خانەقین حەز لەوە دەکەن منداڵەکانیان بنێرنە کۆلێژی خانەقین، بەڵام دامەزراندنیان نییە و دانامەزرێن ئەگەر ئەم کێشە بەردەوامبێت، ئێمە لەهەوڵەکانمان بەردەوام دەبین ئەگەری چارەسەر هەیە و داوا لە حکومەتی هەرێم و خوێندنی باڵا دەکەم بێنە بەغدا بۆ ئەوەی پێکەوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین."
دکتۆر حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق لەم بارەیەوە گوتی، "ئەمڕۆ وەزارەتەکەمان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنێکی گرنگی ئەنجامدا. بەپێی رێککەوتنەکە خوێندکارانی زانکۆ حکومییەکانی هەردوو لایەن لەسەر ئاستی دامەزراوە حکومییەکان و لەسەر ئاستی خوێندنی باڵاش وەردەگیرێن. بەدڵنیاییەوە ئەم هەنگاوانە رێگە خۆش دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کەیسانە."
ئەنجوومەنی راژەی عێراق بڕیاری دامەزراندنی دەرچووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان داوە کەچی زۆرێک لەدەرچووان بەکالۆریۆسیان لەزانکۆی گەرمیانە و بەو هۆیەشەوە بێ بەشن لە دامەزراندن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ