کرێکارێک لە باڵەخانەیەکی سلێمانی کەوتەخوارەوە و گیانی لەدەستدا؛ 'پڕۆژەکان 95%یان مەرجی سەلامەتییان نییە'

16-09-2023
ئەرکان عەلی
ئەرکان عەلی
شوێنی کارکردنی کرێکارەکە. وێنە: رووداو
شوێنی کارکردنی کرێکارەکە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

ئاسانسوارێک لە سلێمانى کۆتایی بە ژیانى گەنجێک هێنا. رووداوەکە بە شێوەیەک بووە کە کرێکارەکە لە کاتى شۆردنى شوێنى ئاسانسوارەکە لە نهۆمى 10ى پڕۆژەیەکى نیشتەجێبوون، قاچى هەڵدەخلیسکێت و دەکەوێتە خوارەوە، دواى دیارنەمانى، هاوڕێکانى لە نهۆمى ژێرزەمینەوە بە مردوویى دەیدۆزنەوە.
 
واحید عەبدوڵڵا، تەمەنى 25 ساڵە و خاوەنى هاوژین و منداڵێکى کچى 3 ساڵان بوو، خەڵکى شارى ماکۆی پارێزگاى ورمێی رۆژهەڵاتى کوردستان بوو. سێ هەفتە بوو بۆ کارکردن هاتبووە باشوورى کوردستان، بڕیار وابوو، ناوەڕاستى ئەم هەفتەیە بۆ دیدەنیى کەسوکارەکەى بگەڕێتەوە بۆ ماکۆ، بەڵام مەرگ رێگەی نەدا.
 
سەعدەدین ئەهروون، هاوڕێى کرێکارەکە دەڵێت، "ئێمە لە قاتى سەرەوە کارمان دەکرد، ئەو جێگەیەى ئەو تاریک بوو، ئیدی کەوتبووە خوارەوە و دواى 40 خوولەک بە مردوویی دۆزیمانەوە."
 
بەگوێرەی ئاماری یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان، بۆ ئەمساڵ تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو 30 کرێکار لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و 24 کرێکاریش بریندار بوون؛ لەو ژمارەیەش 16 کرێکاریان لە سلێمانى بوون.
 
چالاک رەئوف، سەرۆکى لقى سلێمانى - سەندیکاى کرێکاران دەڵێت، "5%ى پرۆژەکانى کوردستان مەرجى سەلامەتییان تێدایە و 95%ى مەرجیان تێدا نییە. هۆکاریش ئەوەیە ئێمە و هەموو لایەنەکانى دیکە نەمانتوانیوە مەرجەکان بەسەر خاوەن پڕۆژەدا بسەپێنین."
 
حەوت ساڵى رابردوو، ساڵانى مەرگەسات بوون بۆ کرێکاران، بەو پێیەى لەو ماوەیەدا 254 گیانلەدەستدان تۆمار کراون، کە زۆرینەشیان کرێکارى بیناسازی بوون. بەمشێوەیە:
 
- ساڵی 2022؛ 41 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2021؛ 37 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2020؛ 35 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2019؛ 38 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2018؛ 25 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2017؛ 16 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
- ساڵی 2016؛ 62 کرێکار گیانیان لەدەستداوە
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.