فێستیڤاڵی گوێزی هەورامان بەڕێوەدەچێت

16-09-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە فێستیڤاڵی گوێزی هەورامان لە ناحیەی خورماڵ بەڕێوەبچێت. سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە دەڵێت، جگە لە گوێزی هەورامان، بەرهەمی کشتوکاڵی و باخداری و خواردەمەنییەکانی هەورامانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان تێیدا دەخرێنەڕوو و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
رۆژی شەممە 16ی ئەیلوولی 2023 سرووش سازانی، سەرپەرشتیاری یەکەمین فێستیڤاڵی گوێزی هەورامان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "فێستیڤاڵەکە بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمە کشتوکاڵی و باخدارییەکانی هەورامانە و لە 12ی ئۆکتۆبەر لە خورماڵ دەستپێدەکات و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت."
 
گوێز بەرهەمی سەرەکیی فێستیڤاڵەکەیە. سرووشت سازانی گوتی، لە فێستیڤاڵەکەدا هەموو بەرهەمە کشتوکاڵی و باخدارییەکان و بەرهەمە دەستییەکانی هەورامان دەخرێنەڕوو.
 
سەرپەرشتیاری یەکەمین فێستیڤاڵی گوێزی هەورامان گوتی، "لە فێستیڤاڵەکەدا گۆرانی، هەڵپەڕکێ، شیعر، شانۆ، فەرهەنگ و ئەدەبیاتی هەورامان پێشکێشی ئامادەبووان دەکرێت."
 
فێستیڤاڵەکە لە ناحیەی خورماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت و بە گوتەی سرووش سازانی، هاونیشتمانییانی هەورامانی باشووری کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان تێیدا بەشدار دەبن. گوتیشی، "هەر ساڵە و فێستیڤاڵەکە دەبەینە ناوچەیەکی هەورامان؛ لە داهاتوودا دەیبەنە رۆژهەڵاتی کوردستانیش."
 
فێستیڤاڵەکە سێ رۆژ لە کاژێر 10:00ی بەیانی بۆ کاژێر 10:00ی شەو بەردەوام دەبێت. سەرپەرشتیارەکەی گوتی، هەوڵ دەدەن میوانانی دەرەوە بانگهێشت بکەن و ئامانجی سەرەکییان پەرەدانە بە کەرتی گەشتیاریی هەورامان و ناساندنی گوێزی هەورامان بە تەواوی بە عێراق و وڵاتانی ناوچەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەک لە بەرنامەی پاشیڤی رووداو

پاشیڤی رووداو؛ "کۆمێنت بنووسە و خەڵات ببەرەوە"

بە ئامادەبوونی ژمارەیەک میوانی تایبەت، ئەڵقەیەکی دیکەی بەرنامەی (پاشیڤی رووداو) پێشکێشکرا و دیارییەکی دیکە بەخشرایە یەکێک لەو کەسانەی زۆرترین کۆمێنتی بۆ پۆستەکانی رووداو کردبوو.