دادگەی خورماتوو سکاڵای جووتیارانی کوردی دواخست

16-09-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی خورماتوو سکاڵای چوار جووتیاری کوردی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی ژمارەیەک گرێبەستی کشتوکاڵی دواخست. بە گوتەی نوێنەری جووتیاران، دادوەر داوای کردووە بسەلمێندرێت کە ئەو زەویانە دەکەونە سنووری مادەی 140ی دەستوور.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 16ی ئەیلوولی 2025 دادگەی خورماتوو تاوتوێی سکاڵای 4 جووتیاری کوردی کرد، کە لەسەر وەزیری کشتوکاڵى عێراق و پارێزگاری سەلاحەدین تۆماریان کردووە. سکاڵاکە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی 7 گرێبەستی کشتوکاڵی لە سنووری ئەو قەزایە کە خاوەندارێتیان دەکات بە ناوی هاووڵاتییانی عەرەبەوە.
 
پارچە زەوییەکان 7 دانەن کە گرێبەستەکانیان هەڵوەشێندراوەتەوە و 4 کەس لە جووتیارەکانیش سکاڵایان تۆمار کردووە.
 
ئەحمەد جومعە، یەکێک لەو 7 جووتیارەیە کە نوێنەرایەتی جووتیارەکانی دیکە دەکات و بە رووداوی گوت: "پارێزەرانی دۆسیەکە ئاماژەیان بەوەدا کە ئەو زەوییانە دەکەونە سنووری مادەی 140، بەڵام دادوەر داوای کرد بسەلمێندرێ دەکەونە سنووری ئەو مادەیە."
 
ئەحمەد جومعە رایگەیاند: "دادوەر دانیشتنەکەی بۆ 13ی تشرینی یەکەمی 2025 دواخست و داوای لە پارێزەرەکە کرد تاوەکو ئەو کاتە کۆنووسێک پێشکێش بکات کە بیسەلمێنێ ئەو زەوییانە دەکەونە سنووری مادەی 140."
 
زیاتر لە 50 گرێبەستی کشتوکاڵیی سنووری هەردوو گوندی تەپەسەوز و حلێوەی خورماتوو کێشەی یاساییان لەسەرە. بەم دواییە دادگە بڕیاریدا گرێبەستی حەوت زەوییان بکرێت بە ناوی عەرەبەوە کە پێشتر خاوەندارێتییان بۆ کورد دەگەڕایەوە و رووبەرەکەیان زیاتر لە 1800 دۆنم دەبێت.
 
حکومەتی خۆجێیی پارێزگاری سەلاحەدین بڕیاری داوە ئەو زەوییانە لە جووتیارانی کورد وەربگرێتەوە بە پاساوی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگە بۆ ئەوەی بیداتە جووتیارانی عەرەب، بەڵام بەهۆی سکاڵاکردنی جووتیارانی کورد ئەو پرسە راگیراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

بەڵێندەران لە "ترسی نەبوونی پارە" پڕۆژەی رێگەوبانی گوندەکانی بێتواتە وەرناگرن

دانیشتووانی ژمارەیەک گوندی سنووری ناحیەی بێتواتە لە ئیدارەی راپەڕین، لە خراپیی رێگەوبانەکانیان نیگەرانن. بەڕێوەبەری ناحیەکەش ئاشکرای دەکات، سەرەڕای ئەوەی دوو جار تەندەر بۆ پڕۆژەی رێگەی چوار گوند راگەیێندراوە، بەڵام "لەترسی نەبوونی نەختینە" هیچ بەڵێندەرێک ئامادە نییە پڕۆژەکە وەربگرێت