رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی لە بانگەشەی حیزبەکەی لە هەولێر رایگەیاند، "دەچینە بەغدا بۆ ئەوەی شەڕ لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەین."
پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی هەولێر 30 بەربژێری هەیە چاوی لەوەیە زۆرترین کورسی هەولێر بەدەستبێنێت.
مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانگەشەی حیزبەکەی لە هەولێر رایگەیاند: "نوێنەرانمان لە بەغدا بەرگری لە مافی هەموو پێکهاتەکان دەکەن.''
جێگری سەرۆکی پارتی دە|ڵێ: "ئێمە بۆ مانگێک خزمەتی بەربژێرانمان دەکەین، بۆ ئەوەی ئەوان بۆ چوار ساڵ خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەن، سەرخستنی لیستی پارتی بۆ ئەوەیە خەونی گەلەکەمان ببێتە راستی.''
مەسرور بارزانی باسی لە گرنگی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کرد و رایگەیاند: "لە کوردستان پارتی رکابەری نەماوە، ئەوەی ماوە لە بەغدا ململانێی پارتی دەکەن، بۆیە پێویستە بچینە بەغدا و لەوێ شەڕ لەسەر مافە دەستوورییەکانی خەڵک بکەین.''
مەسرور بارزانی دەڵێ :"بەغدا بووەتە شوێنێک بۆ هەموو ئەو لایەنانەی کە چاویان بە سەرکەوتنی کوردستان هەڵنایەت، یان ئەو لایەنانەی نەیانتوانیوە لە کوردستان رکابەری پارتی بکەن، بەغدایان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی لەوێ دژایەتیی هەرێمی کوردستان بکەن، رێگری لە پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، بۆیە پێویستە بچینە بەغدا بۆ ئەوەی لەوێ بەربەست و رێگرییەکان هەڵبگرین، جارێکی دیکە هەموو شتەکان بخەینەوە سەر رێگەی راست، پەیوەندیمان لەگەڵ لایەنەکان بەهێزتر بن، دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و هەموو مافەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکرێت."
مەسرور بارزانی جەختی کردەوە :" نوێنەرانی پارتی دەبێ بەرگری لە هەموو پێکهاتەکان بکەن لە عێراق، بەرگری لە خەڵکی ستەملێکراو بکەن، نوێنەرانی ئێمە ئەوانەن بەدوای چەسپاندنی دادپەروەرین .''
جێگری سەرۆکی پارتی لەبارەی بانگەشەی حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، :"بەشێوەیەکی شارستانییانە بانگەشە دەکەین، داواتان لێدەکەم لە ئاستی پارتیدا بانگەشە بکەن.''
مەسرور بارزانی لەبارەی پڕۆژە و کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە خۆی سەرۆکایەتی دەکات دەڵێ : "هەموو ئەو پڕۆژانەی لە ئاو و کارەبا جێبەجێکراون دەستکەوتن و پارتی سەرکردایەتی دەکات.''
جێگری سەرۆکی پارتی رووی لە لایەنگرانی کرد و رایگەیاند: "دەتوانین سەرکەوتنی زیاتر بەدەستبهێنین و هیچ کەسێک ناتوانێت بمانوەستێنێت."
دەقی گوتاری مەسروور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان:
خوشک و برایان، ئێوە ئامادەن بۆ ئەم هەڵبژاردنە ؟ ئامادەن بۆ سەرکەوتنێکی گەورە؟ئەم ماوەیە بۆ مانگێک ئێمە خزمەتی ئەم خوشک و برا خۆشەویستانە دەکەین، بۆ ئەوەی بۆماوەی چوارساڵ ئەمانە بتوانن خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەن. بۆیە هەموومان پێکەوە پشتوانیان دەبین بۆ سەرخستنی ئەم لیستە و ناردنی ئەم خوشک و برایانە بۆ پەرلەمانی عێراق.
بێگومان ئینشائەڵا پێشڕەوی کورد بۆ هەتاهەتایە هەر پارتی دەبێت، هەر بارزانی سەرۆکمان دەبێت. سڵاوی خوای گەورەتان لێبێت و سڵاوی جەنابی سەرۆک بارزانی-تان پێرادەگەیێنم.
هەڤاڵانی بەڕێز و خۆشەویست، دیسان وەرزی هەڵبژاردنە و دەبێت هەوڵێکی جیدی بدەین، بۆ ئەوەی پارتی وەکو خۆشتان دەزانن ببێتە ئامرازێکی گەیشتن بە ئامانجی سەرەکی نەتەوەکەمان، سەرخستنی لیستی پارتیی بۆ ئەوەیە هەموو خەونەکانی گەلەمان ببن بە راستی.
ئەم هەڵبژاردنە بۆ گرنگە؟ ئەمە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، لەوانەیە زۆر پرسیار دروست بێت،کە بۆ پێویستە ئێمە لەم هەڵبژاردنە زۆر خۆمان ماندوو بکەین و سەرکەوین؟ بەڕێزان لە کوردستان پارتی هیچ رکابەرێکی نەماوە، ئەوەی ماوە ئێستا لە بەغدا ململانێی پارتی دەکەن، بۆیە پێویستە بچینە بەغدا و لەوێ شەڕ لەسەر مافەکانی دەستووری خەڵکی کوردستان بکەین.
بەغدا بووەتە شوێنێک بۆ هەموو ئەو لایەنانەی چاویان بە سەرکەوتنی کوردستان هەڵنایەت، یان بۆ ئەو لایەن و کەسانەی کە نەیانتوانیوە لە کوردستان ململانێی پارتی بکەن، بۆیە بەغدایان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی لەوێ دژایەتی هەرێمی کوردستان بکەن و رێگری لە پرۆژە و سەرکەوتنەکانی کورستان بکەن، بۆیە ئێمە پێویستە بچینە ئەوێ، بۆ ئەوەی بە بوونی خۆمان و بەبوونی هەڤاڵانی تێکۆشەری پارتی لەوێ بتوانین ئەو بەربەست و رێگریانە هەڵبگرین، جارێکی دیکە هەموو شتەکان بخینەوە سەر رێگەی راست، وابکەین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەهێزتر بن و دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و هەموو مافەکانی خەڵکی کوردستان لە بەغداوە دەستەبەر بکرێت.
ئێمە ئەم نوێنەرانە دەنێرینە بەغدا بۆ ئەوەی نەک تەنیا بەرگری لە خەڵکی کوردستان بکەن، دەبێت بەرگری لە مافی تاک بە تاکی ئەم وڵاتە بکەن بە هەموو پێکهاتە و ئایینەکانەوە، دەبێت بەرگری لە دیموکراسییەت، دەستوور، فیدراڵییەت،خەڵکی ستەملێکرا بکەن.نوێنەرانی ئێمە،نوێنەرانی هەموو ئەوکەسانەن کە بەدوای چەسپاندنی دادپەروەریین.
بەڕێزان ئێمە چۆن هەڵبژارد بکەین؟ کادیری پارتی بەڕەوشتە، ئەندامانی پارتی لەسەر رێبازێک پەروەردە کراون، کە رێز لە یاسا بگرن،بەشێوەیەکی شارستانی دەبێت بانگەشەی هەڵبژاردن بکرێت، بۆیە داوا لە هەمووتان دەکەم لە ئاستی پارتی بانگەشە بکەن و خۆتان نەهێننە ئاستی خەڵکانێکی دیکە، کە چاویان بە سەرکەوتنی ئێوە هەڵنایێت.
خوشک و برایان، ئێمە کە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەین، بێگومان دەبێت باسی رابردوو خۆمان بکەین و هەمیش چیمان کردووە بۆ خەڵک و باسی بەرنامەی ئایندە و داهاتووی کوردستان بکەین،ئەگەر کەسێک هاتبا و بە ئێوەی بگوتبا و بەڵێن بە ئێوە بدات، کە ئێمە دێین کێشەی کارەبا چارەسەر دەکەین، قەیرانی ئاو چارەسەر دەکەین، هەوای پیسی هەولێر پاک دەکەینەوە، کارێکی وادەکەین هیچی دیکە دووکەڵی مۆلیدە هەڵنەمژن، پشتێنێکی سەوزاریی و دارستان لە چواردەوری هەولێر دروست دەکەین،خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکێشی هاووڵاتیان دەکەین، لەوانەیە پرسێک دروست با، کە ئەم بەڵێنانە زۆر قورسن و جێبەجێ ناکرێن، یان دڵمان پێخۆشبا، کە ئەمانە بەڵێنی زۆر گەورەن، ئەگەر ببن، ئەوا پێشکەوتنی زۆر گەورە لەوڵاتەکەمان دروست دەبێت.خوشک و برایان، ئەمانە بڵێن نین، بەڵکو ئەمانە هەموو ئەو دەستکەوتانەن، کە پارتی بۆ ئەم وڵاتە و کوردستان و هەولێر بەجێی هێناون.
سوپاس بۆ خوا لە سایەی سەرکردایەتی پارتی،حکومەتە یەک لە دوایەکانی کە پارتی سەرپەرشتی کردوون، هەگبەی پڕە لە دەستکەوت و بەرگریکردن لە ماف و کەرامەتی خاک و نیشتمان و ئەم گەلە، لە پێشکەوتن، ئاوەدانی و سەرکەوتن و پێشکەوتنی زۆر گەورە چاوەڕێی ئێمە دەکات لە ئایندەدا.
پێشتریش گوتیان دەتانرووخێنین، دەتانوەستێنن، تێکیدەدەین، گوتمان ناتوانن، نەشیانتوانی، نەیانتوانی رامانبگرن، ئێستاش دەیانەوێ گومان دروست بکەن، بتوانین دەستکەوتی زیاتر بەدەستبهێنین ،بتوانین هەموو دەستکەوت و مافەکانی خەڵکی کوردستان بەدەستبهێنین و دەستوور جێبەجێ بکەین، بتوانین هەموو بستێکی داگیرکراوی کوردستان بگەڕێنینەوە، بتوانین هەنگاو بە هەنگاو بەرەو کوردستانێکی پێشکەوتووتر بڕۆین، ئێستاش دەیانەوێ گومانمان بۆ دروست بکەن و پێمان بڵێن ئێوە ناتوانن ئەم سەرکەوتنە گەورانە بەدەستبهێنین، دیسانیشەوە دەڵێن ئێمە دەتوانین، دەتوانین زیاتر سەرکەوتن بەدەستبهێنین، دەتوانین زیاتر بەرەو پێشەوە بچین، دەتوانین پارتی ببێتە گەورەترین و سەرکەوتووترین لیست لە هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراقدا.
خوشک و برایان،ئەم سەرکەوتنانە منەتی کەسی تێدانییە، کەس خێری پێنەکردووین، ئەمە بەرهەمی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکانە، بەرهەمی رەنجی خەباتی ئێوەی خۆشەویستە، دەستکەوتی جووتیارەکانمانە،مامۆستاکانمانە، فەرمانبەرەکانمانە، قوتابییەکانمانە، بەرهەمی دایک و باوکە خۆشەویستەکانمانە، هی خۆراگری ئەو نەتەوەیە، ئەمانە دەستکەوتی رێبازی بازرانین، بۆیە کەس منەتمان لەسەر نەکات، ئەوەی کردوومانە بەدەست و بازووی خۆمان بەدەستمان هێناوە.
خوشک و برایان... پەیامێکم بۆ ئەندام و لایەنگرانی پارتی هەیە، پێش هەموو شتێک دەستی ماندوبوونتان دەگوشم و سوپاستان دەکەم، ئێوە نەبووان ئێمە هیچ یەکێک لەو دەستکەوتانەمان بەدەست نەدەهێنا، خوامان لەگەڵ بووە، بەڵام هێز و بازووی ئێوە بووە، هێزی پێبەخشیووین و توانیمان سەرکەوتوون دوای سەرکەوتن تۆمار بکەین، بۆیە سوپاس بۆ ئێوە خوشک و برایانی بەڕێز، بەڵام لەم هەڵبژاردنەش چاوەڕێی هەڵمەتی ئێوەین، دەنگی ئێوەین، تکاتان لێدەکەم هەمووتان بچنە سەر سندووقی دەنگدان، جارێکی دیکە سەرکەوتنێکی گەورەتر بۆ پارتی تۆمار بکەن.
دەمەوێت سەرەنجتان بۆ بابەتێک رابکێشم، بۆ ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا دڵنیانین ئەم هەڵبژاردنانە چەندە گرنگە، دڵنیابن ئەگەر ئێمە دەنگ نەدەین، ئەگەر ئێوە نەچنە سەر سندوقی دەنگدان،خەڵکێکی دیکە لە جیاتی ئێوە دەنگ دەدات،خەڵکێکی دیکە لە جیاتی ئێوە بڕیار دەدات. خۆشتان دەزانن پارتی وەک هەوێنی سەرکەوتن، گەورەترین دەنگ بەدەست نەهێنێت، ئەو دەنگانەی کە بۆ لایەنەکانی دیکە دەچن، ناکەونە خزمەتی کوردستان، بۆیە ئەرکە بۆ هەمووتان کە بڕۆین و گەورەترین و زیاترین دەنگ بۆ پارتی بەدەست بهێنین بۆ ئەوەی بتوانین زیاترین خزمەت بۆ کوردستان بکەین. خەڵکی دیکە پێشتریش هەوڵی جدیان داوە، لە بری ئێمە خۆیان وەکو نوێنەری خەڵکی کوردستان پێشان بدەن، بەڵام بەداخەوە نە بەرگریان لە کوردستان کردووە و نە ئامادەبوونە لەسەر کوردستان خۆیان بکەنە قوربانی،بەڵکو دەستیان لەگەڵ دەستی ناحەز تێکەڵکرد و پلانیان دژی کوردستان داڕشت، بۆیە بۆ ئەوەی رێگری لەمانە بکرێت و دەستیان کورت بکرێت، ئەبێت پارتی بە هەموو هێزی خۆی بگەڕێتەوە بۆ بەغدا.
پەیامێکی دیکەم هەیە بۆ خەڵکانەی بڕوایان بە لایەنەکانی دیکە هەیە، پێیانوایە دەتوانن دەستکەوت بەدەستبهێنن ئەگەر بێت و دەنگ بە لایەنەکانی دیکە بدەن،بەڕێزان هەروەکو گوتم ئێمە هەگبەمان پڕە لە دەستکەوت، دەتوانین لەبەیانی تاوەکو ئێوارە باسی دەستکەوتەکانمان بکەین، باسی خۆراگرییەکانمان بکەین، باسی قوربانی دانی خۆمان بکەین، باسی ئەوە بکەین لەکاتی تەنگانە چۆن پارتی لە سەنگەری پێشەوە بووە، لەکاتی ئاوەدانی چۆن پارتی دانەر و داڕێژەری بەردی بناخەی پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان بووە، دەتوانین بە سەعات باسی دەستکەوتەکانمان بکەین. من داوا لەو خوشک و برایانە دەکەم پرسیارێک ئاراستەی ئەو لایەنانە بکەن، با پێمان بڵێن یەک دەستکەوتیان چی بووە بۆ ئەم وڵاتە کە ئەوان بەدەستان هێنابێت؟ یەک دەستکەوتمان پێ بڵێن کە بەبێ پارتی بۆ ئەم وڵاتە بەدەست هاتبێت با باسی بکەن؟ با پێمان بڵێن جگە لە پارتی کێ بووە توانیوتی رووبەڕووی ئەو هەموو تەحەدی و ئاڵنگارییەکان بوەستێتەوە؟ کێ بووە جگە لە پارتی بتوانێت سەرکێشی ئەم قۆناخە و قۆناخە سەختەکانی پێشووتریش بکات؟ کێ جگە لەپارتی دەتوانێت ئایندەیەکی باشتر و گەشاوەتر بۆ ئەم وڵاتە دروست بکات؟ بێگومان جگە لە پارتی، هیچ هێزێکی دیکە ئەو توانایەی نییە. ئینجا باخۆیان ماندوونەکەن نە دژایەتی پارتی بکەن، هەروەها داوام لە خوشک و برایانی دیکەی خۆشمان لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە دەنگی خۆیان بە فیڕۆ نەدەن، وەرەن لەگەڵ ئەولایەنە بوەستن، خوا پشتوانیەتی، ئەم گەلە پشتوانیەتی، پێشمەرگە قارەمانەکان، ئەم حیزبە و رێبازەیان هەڵبژاردووە، ئێوەش وەرن لەگەڵ ئێمە هەموومان پێکەوە جوانین، هەموومان بە یەکەوە دەتوانین سەرکەوتنی گەورەتر بەدەستبهێنین، دەنگ بدەن بە پارتی بۆ ئەوەی سەربەرزتر بین، بۆ ئەوەی سەرکەوتووتر بین.
خوشک و برایان، من ناچارم هەندێ راستی باس بکەم، ناچارم باسی هەندێ رووداو بکەم، هەموو ئەولایەنانەی چاویان بە سەرکەوتنی پارتی هەڵنەدەهات،بەڵام نەیاندەتوانی لێرە پارتی بووەستێنن، چوون دەستیان تێکەڵکرد بۆ ئەوەی گرفت بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست بکەن، بۆ ئەوەی رێگری لە سەرکەوتنەکانمان بکەن، چوون بەرنامەیان داڕشت چۆن بودجەی هەرێمی کوردستان ببڕن و لەگەڵ لایەنەکانی دیکە رێککەوتن، چوون گوشار لەسەر هەرێمی کوردستان دروست بکەن، پێیانوابوو ئەگەر گوشار لەسەر پارتی دروست بکەن ئیدی سەرکەوتوون، بەڵام ئەوەی نایزانن ئەمە، خوشک و برایانی بەڕێز ئەو گوشارە تەنیا لەسەر پارتی نەبووە، ئەو هەوڵانە تەنیا دژی پارتی نەبوون، ئەمانە دژی هەموو خەڵکی کوردستان بوون، پارتی بەشێکی گرنگی ئەم وڵاتە و ئەم خەڵکەیە، ئەوەی بیەوێت بەرامبەر پارتی بوەستێت، ئەبێ بەرامبەر هەموو خەڵکی کوردستان بوەستێت. بۆ ئەوەی پارتی بشکێنن، ئامادەبوون هەمووتان بشکێن، بۆ ئەوەی پارتی ئازاربدەن، ئامادەبوون هەمووتان ئازار بدەن، بینیمان لەو هەوڵە بەردەوامانەی ئەمدواییانە بۆئەوە بووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموولایەنەکانییەوە بە هەموو خەڵکەوە تووشی ئاستەنگ و گرفت بێت بە داخەوە بەداخەوە، بەڵام لەم زەرە و زیانگەیاندنە بەشداربوونە، حەیف لایەنی کوردستانی هەبوو ویستویانە زەرەر بە خەڵکی کوردستان بگەیێنن، ئەوەی پارێزەری راستەقینەی مافی خەڵکی کوردستان بووە پارتی بووە، بۆیە جارێکی دیکە دووپاتی دەکەمەوە بۆ ئەوەی دیموکراسییەت سەربکەوێت، مافەکانی دەستووریی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکرێت، چیتر هیچ پلانێک سەرنەکەوێت، ئەبێ پارتی سەرکەوێت.
خوشک و برایان، ئێمە نەهاتووین هەر باسی رابردوو بکەین، هەرچی بەڵێنمان داوە بەجێمان هێناوە، دەتوانم ئەوەتان پێبڵێم، ئێمە بۆ ئایندە خەون و بەرنامەی گەورەمان هەیە. راستە مێژووییەکی پڕ سەروەریی و قوربانیمان هەیە،بەڵام دیدگەیەکی گەورەشمان هەیە بۆ ئایندەیەکی گەشتر، بۆ گەنجەکانمان، بۆ نەوەی داهاتوو، سەرخستنی کوردستان، ژیانێکی باشترو بەختەوەرتر، بۆ ئەوەی مامۆستایان، کرێکاران و جووتیاران و هەموو چین و توێژێکی ئەم وڵاتە سەربەرز بن، ژیانێکی باشتریان هەبێ، کورستان و مافەکانی کوردستان مسۆگەرتر بێت، بست بە بستی خاکی داگیرکراوی کوردستان بگەڕێتەوە، گەنجەکانمان روو لەهەندەران نەکەن، بە پێچەوانەوە، ئەوانەشی لە دەرەوەن بگەڕێنەوە کوردستان بۆ هەموو ئەمانە بەرنامەمان هەیە، پارتی روئیا و بەرنامەی هەیە و پارتیش دەتوانێت ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بکات.
دروستکردنی دووسایدی کۆیە ئەرکە، جیاوازی لە هیچ شوێنێکی کوردستان ناکەین، هەر بستێکی ئەم خاکەی کوردستان پیرۆزە، ئامادەین خزمەتی بست بە بستی ئەم خاکە بکەین، پێویستمان بەوەیە بەهێزتر بین، بۆئەوەی بتوانین مافەکانمان دەستبەر بکەین، خەڵک بنێرینە بەغدا خەریکی بەرژەوەندی تایبەتی خۆی نەبێت، خەریکی رێککەوتنی لابەلا نەبێت،خەڵێک بنێرینە ئەوێ کە نوێنەری راستەقینەی ئێوەبێت، شەڕ لەسەر مافەکانی ئێوە بکات، بۆ ئایندەیەکی مسۆگەرتری کوردستان خەبات بکات، ئەبێ خەڵێک بنێرینە ئەوێ راستگۆ بێت لەگەڵ خودا و خەڵک و ویژدانی خۆی، دەبێت ئەم خوشک و برایانە بنێرینە بەغدا.
پشت بەخوا ئێمە هەر لە دەسەڵات دەبین و هەر سەرکەوتووش دەبین، خوشک و برایان ئێمە دەچینە بەغدا بۆئەوەی بەرگری لەمافی نەتەوەکانی دیکەش بکەین، بۆئەوەی بەرگری لە ئایینەکانی دیکەش بکەین. بینیمان لەم ماوەیە بە چ جۆرێک ستەم لە خوشک و برایانی کریستان کرا و بەردەوامیش دەکرێت، بینیمان بە چ جۆرێک ستەم لە خوشک وبرایانی تورکمان کرا و بەردەوامیش دەکرێت. نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەری هەموو چین، توێژ، ئایین، نەتەوە و هەموو خەڵکی عێراقن، کە دەچینە ئەوێ پارێزگار و بەرگری لە مافی هەموو نەتەوە و ئایینەکان دەکەین.
یەکسانی و دادپەوەری بەشێکی گرنگە لە کولتوری پارتایەتی، ئێمە دژی ستەمکار دەوەستینەوە، بۆئەوەی دادپەروەریی بۆ ستەملێکراو دروست بکەین، ئێمە دژی داگیرکار دەوەستینەوە، بۆ ئەوەی خاکی داگیرکراومان رزگار بکەین، لەگەڵ ئەوەین هەموو نەتەوە و ئایینێک بە سەربەرزی بژی و منەتی کەسی بەسەرەوە نەبێت. پارتی کە خزمەتی لایەنەکان دەکات هەرگیز مەنەتیان بەسەر ناکات، پارتی خزمەتکردن بە ئەرک دەزانێت، بە بەشێک لەبوون و رێباری خۆی دەزانێت، بۆیە خوشک و برایان تکاتان لێدەکەم متمانەمان پێ بکەن، ئەو متمانەی کە تاوەکو ئێستا بەئێمەتان کردووە بەرهەمەکەتان بینیوە، بەڵێنماندا، بڕواتان کرد، متمانەتان پێداین و بەڵێنەکانمان جێبەجێکرد، لە ئاستی ئەو متمانەیە بوون کە ئێوە بە ئێمەتان دا، لەمەوداش بەردەوام بن و متمانەمان پێبکەن، بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی ئێوە بکەین.
خوشک و برایان ئەرکی ئێمە قورسە، هێشتا زۆرمان ماوە، تەنیا کێشەمان مووچە نییە، کێشەمان خاکە،ناسنامەیە، دادپەروەرییە، یەکسانییە، کێشەمان هەموو ئەو مافانەیە، تاوەکو ئێستا بەدەست نەهاتوون، داواتان لێدەکەین متمانەمان پێ بکەن، بۆئەوەی بتوانین لەسەر هەموو ئەو خاڵانە بەردەوام بین تاوەکو گەیشتن بە ئامانجە کۆتاییەکانمان. کەرکووک، مەخموور، شنگال بست بە بستی ئەم خاکە بەلای ئێمە بەشێک نین لە جوگرافیا، ئەوانە دەست و روحی ئێمەن بەشێکن لە جەستەی ئێمە،بۆیە ئەوەی لە توانانمان هەبێت ئەبێت بکەین بۆگەڕانەوەی بست بە بستی ئەم خاکە پیرۆزە بۆ نیشتمانی کوردستانمان، ئێمە قبوڵمان کردووە لە عێراقێکی فیدراڵی بژین، بەڵام عێراقێکی فیدراڵی بڕوای بە فیدراڵییەت هەیە، بە هەموو مافەکانی دەستووری ئەم وڵاتە هەیە، خەڵکی کوردستان مافەکانی دیارە، خاکی کوردستان بست بە بستی ئەو شوێنانەی کە باسم کرد، بەشێکن لە جەستەی کوردستان، ناکرێت بەجۆرێک مامەڵە لەگەڵ دەستوور بکرێت، لە بەرژەوەندی لایەنێک بێت و دژی هەرێمی کوردستان بێت،ئێمە پێویستە ئەم شەڕە لەبەغدا بکەین، بۆ ئەوەی دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی مادەی 140 وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی بودجەی هەرێم وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی هەموو مافی خەڵکی کوردستان وەکو خۆی دەستبەر بکرێت، هیچ کەسێک توانای ئەوە نەبێت خۆی بەرزتر بزانێت، خەڵکی نوێنەری کوردستانیش لەوێ هەبن خۆیان بە کەمتر بزانن، پارتی خۆی لە هیچ کەسێک بە کەمتر نەزانێت و پارتی بەرامبەریان دەوەستێت، پارتی لە ئاستی هەموولایەکە، لەپێناوی بەدیهێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستان پارتی ئامادەیە رووبەڕووی هەموو کەسێک ببێتەوە.
خوشک و برایان نامەوێت باسی ئەو شتانە بکەم، کردوومانن، شتی زۆر گەورەترمان لە پێشە ، ئەوەی کردوومانە پێشکێشی ئێوەبێت، ئینشائەڵا ئەوەی ماوە زۆر گەورەترە ، بەڵام خۆشە ئێوە هەموو شاهێدن و دەبینن ، دەستکەوتەکانی پارتی چین، پێویستمان بەوەنیە بە خەڵکی کوردستان بڵێین بڕوامان پێ بکەن، کردارەکانی ئێمە باشترین شایەتن بۆ ئەوەی پارتی قسەیەک دەکات و جێبەجێشی دەکات.
ئێستاش خوشک و برایان من لەوە زیاتر کاتتان ناگرم، زۆر زۆر سوپاستان دەکەم، دەزانم ماندوون، بەڵام دیسان داواتان لێدەکەم تۆزێک خۆتان ماندوو بکەن، مانگێک خزمەتی ئەو خوشک برایانە بکەن بۆ ئەوەی چوار ساڵ خزمەتی ئێمە بکەن، بۆ ئەوەی خزمەتی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی رێگە لە خەڵکی دیکە بگرن، کە پلان لە ئێوە بگێڕن، بۆ ئەوەی کوردستان بچێتە قۆناخێکی مسۆگەر تر، گەشاوەتر، پێشکەوتووتر، بۆ ئەوەی دادپەوەریی، یەکسانی، دیموکراسی، فیدراڵی و هەموو مافەکانی خەڵکی کورستان دەستەبەر بکرێت، تکاتان لێدەکەم دەنگبدەن بە لیستی 275ی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەر سەرکەوتووبن و کوردستان هەر ئاوەدانبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ