رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک سندووقى دەنگدانى تایبەت لە کەرکووک و سلێمانى دەبرێنە ناوەندى وردبینیی شارەکانیان بۆ ئەوەى جیاکردنەوە و ژماردنى دەستییان بۆ بکرێت، بەهۆى ئەوەى لیستى ئەنجامەکانى دەنگدانیان لێ رانەکێشرا.
شەوی شەممە، 16ـی کانوونی یەکەم، هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێرى تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانى رایگەیاند، لە کۆى 15 بنکەى دەنگدانى تایبەتى سەربازیى، زۆرینەى سندووقەکان دەبرێنە وێستگەى سەرەکیی شارەکە بۆ ئەوەى جیاکردنەوە و ژماردنەوەى دەستییان بۆ بکرێت، لە دواى ئەوەى بەهۆى لەکارکەوتنی ئامێرەکانەوە نەتواندرا لیستى ئەنجامى دەنگدانیان رابکێشرێت.
هەردى محەممەد، پەیامێرى رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، ئەو سندووقانەى کە نەتوانراوە لیستى ئەنجامەکانیان لێ رابگیرێت، کۆکراونەتەوە و دەبرێنە وێستگەى سەرەکیی شارەکە بۆ جیاکردنەوە و ژماردنەوەى دەستیی دەنگەکان.
بەشێک لە ئامێرەکانى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى تایبەتى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە دواى تەواوبوونى دەنگدان لەکارکەوتن و نەتواندرا لیستى ئەنجامى دەنگدانى ئەو سندووقانە رابکێشرێت بۆ ئەوەى بدرێتە بریکارى لایەنە سیاسیەکان.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "درەنگکەوتنى راکێشانى ئەنجامى ئەلیکترۆنى جیاکردنەوە و ژماردنى دەنگەکان لە هەندێک لە سندووقەکاندا کێشەى تەکنیکى نییە و بەهۆى گواستنەوەى زانیارییەکانە بۆ ناوەندى سەرەکیى کۆمیسیۆن لە بەغدا و تاوەکو ئەو پرۆسەیە ئەنجام نەدرێت ئەنجامەکان راناکێشێت."
عمیاد جەمیل گوتیشى: "بەگوێرەى یاسا، ماوەى شەش کاژێرمان لە بەردەمدایە بۆ ئەوەى ئەنجامى ئەلیکترۆنیی سندووقەکانى دەنگدان رابکێشین".
بە گوێرەى بڕگەى یەکەمى مادەى 10ى یاسای هەموارى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، ئەگەر ئامێرى دەنگدان لە ماوەى شەش کاژێردا نەیتوانى ئەنجامەکان بنێرێت بۆ ناوەندى سەرەکى، ئەو سندووقانەى دەنگدان دەگوێزرێنەوە بۆ ناوەندى وردبینى لە پارێزگاکە بۆ رودبینیکردنى و بەدەست دەنگەکانى دەژمێردرێنەوە و پشت بە ئەنجامەکانى دەبەسترێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ