رووداو دیجیتاڵ
خەڵک رێگەی نێوان سنە - دێولان بە "رێگەی مەرگ" ناودەبەن، ئەوەش بەهۆی زۆریی رووداوەکانی هاتووچۆ و قوربانییانی رووداوەکان تێیدا.
دێولان سەر بە پارێزگای سنەیە، دەکەوێتە نێوان شارەکانی سنە، کامێران و قوروە و لەسەر رێگەی سەرەکیی سنە بۆ هەمەدان هەڵکەوتووە؛ بۆیە هاتووچۆی زۆری بەسەرەوەیە و رێگەکانی قەرەباڵخن.
کێشەیەکی گەورەی ئەو رێگەیە، هاتووچۆی زۆری بارهەڵگرەکانە؛ بەشێک لە بارهەڵگرەکان کەلوپەلی نێوان چەند پارێزگایەک بەو رێگەیەدا دەگوازنەوە و بەشێکی دیکەشیان، بەردی کانەکان دەگوازنەوە. بەهۆی ئەو هاتووچۆ زۆرەوە، کەم رۆژ هەیە خەڵکی ناوچەکە نەبن بە قوربانیی خراپیی رێگەوبانەکان.
خەڵکی ناوچەکە بە گردبوونەوە، کۆکردنەوەی واژۆ و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی دێولان و پارێزگای سنە، دەیان جار داوای چاککردنی رێگەکەیان کردووە، بەڵام هەر بەڵێنیان پێدەدرێت و جێبەجێ ناکرێت.
بەپێی یاسا، حکومەت دەبێت بەشێک لەو پارەیەی لە کانەکانی وەردەگرێت، لە باشکردنی رێگەوبانەکانی خودی ناوچەکە خەرج بکرێت، بەڵام زیاتر لە 20 ساڵە ئەو پارەیە وەردەگرێت و لە پارێزگای سنە خەرجی ناکاتەوە.
بەشی زۆری رێگەکانی ئەو ناوچەیە زیاتر لە 50 ساڵە دروستکراون، بۆ هاتووچۆی نێوان شار و گوندەکان. ئەو کات کە دروستکراون، هاتووچۆی کەمیان بەسەرەوە بووە، بەڵام ئێستا هاتووچۆ زۆر بووە و رێگەکان هەر وەکو خۆیانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ