رووداو دیجیتاڵ
لە دەروازەی سنووریی پەروێزخانی ناحیەی قەسری شیرینی پارێزگای کرماشان، دەست بەسەر بڕێکی زۆر سووتەمەنیدا گیرا. بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحیەکە دەڵێت، بەهای سووتەمەنییە قاچاخەکە نزیکەی 27 هەزار دۆلارە.
ئیمان موڕادی، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحیەی قەسری شیرینی سەر بە پارێزگای کرماشان رایگەیاند، پێنجشەممە، 16-01-2025، تیمەکانیان لەکاتی پشکنیندا لە دەروازەی سنووریی پەروێزخانی سەر بە ناحیەکە، دەستیان بەسەر ژمارەیەک ئۆتۆمبێلدا گرتووە کە بۆ بەقاچاخبردنی سووتەمەنی بەکارهێنراون.
وەک ئیمان موڕادی ئاماژەی دا، بڕی ئەو سووتەمەنییەی لە ئۆتۆمبێلەکاندا دەستی بەسەردا گیراوە، 88 هەزار و 761 لیتر بووە کە بەهاکەی دەگاتە دوو ملیار و 200 ملیۆن تمەن (نزیکەی 27 هەزار دۆلار).
بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحیەی قەسری شیرین رایگەیاند، پەیوەست بە دۆسیەکە هەشت کەس دەستگیرکراون، کە دوای لێکۆڵینەوە، رادەستی دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە دەکرێن.
ناحیەی قەسری شیرین دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە لەگەڵ قەزای کەلاری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە هەرێمی کوردستان هاوسنوورە و دەروازەی پەروێزخانیش لەم سنوورە هەڵکەوتووە، کە ساڵی 2007 بە فەرمی کراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ