هاونیشتمانییەکی عەفرین بۆ رووداو: ئەبو عەمشە و چەکدارەکانی ئازاری هاونیشتمانییەکیان دا

17-03-2025
خالید جەمیل
مستەفا شێخۆ، ئامۆزای ئەو کەسەی هێرشی کراوەتە سەر
مستەفا شێخۆ، ئامۆزای ئەو کەسەی هێرشی کراوەتە سەر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەکی شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەبو عەمشە، سەرکردەی عەمشات، کە یەکێکە لەو گرووپە چەکدارانەی عەفرینیان داگیرکردووە، بە خۆی و 15 چەکدارییەوە هێرشیان کردووەتە سەر هاونیشتمانییەک و ئەشکەنجەیان داوە. 
 
ئیبراهیم شێخۆ، مافناس و چالاکڤانی سڤیل بە رووداوی گوت، ئەبو عەمشە و چەکدارەکانی، کاژێر 6:00ـی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە لە ناحیەی شیێ لە سنووری هەرێمی عەفرین هێرشیان کردووەتە سەر هاونیشتمانییەک و لێیان داوە. 
 
محەممەد حسێن جاسم، ناسراو بە ئەبو عەمشە، سەرۆکی گرووپی سوڵتان سلێمان شاهـ، ناسراوە بە عەمشات.
 
بە گوتەی ئیبراهیم شێخۆ، هۆکاری هێرشکردنە سەر هاونیشتمانییە عەفرینییەکە ئەوە بووە، کاتێک چەند هەفتەیەک لەمەوبەر هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانیی سەر بە حکومەتی نوێی سووریا چوونەتە شارە کوردستانییە داگیرکراوەکە، هاونیشتمانییان پێشوازییان لێکردوون و دوو پەنجەی سەرکەوتنیان بەرزکردووەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی توڕەبوونی ئەبو عەمشە.
 
ئیبراهیم شێخۆ ئاماژە بەوە دەکات، ئەبو عەمشە و چەکدارەکانی بە تووندی لە ئەحمەد سلێمان شێخۆیان داوە، بە جۆرێک دەستەکانی شکاون، جەستەی پڕ برین بووە و لە جێگەدا کەوتووە. 
 
مستەفا شێخۆ، ئامۆزای ئەو کەسەی هێرشی کراوەتە سەر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە کاتی لێدان و ئازاردانی هاونیشتمانییەکە، ئەبو عەمشە و چەکدارەکانی قسەی ناشیاویان بە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا گوتووە.
 
مستەفا شێخۆ گوتی: "ئەوان بێ هۆکار لە ئامۆزاکەمیان دا؛ هەروەها قسەی ناخۆشیان بە مەزڵووم عەبدی، هەسەدە و ئەحمەد شەرع گوت. هۆکارەکە ئەوەیە کە ئەو رۆژەی ئاسایشی گشتی بەنێو ناحیەی شیێ دا تێپەڕین، ئامۆزاکەم پشێوازی لێکردن و خەڵک دڵخۆشبوو و بە پەنجە هێمای سەرکەوتنیان نیشاندا. بۆیە [ئەبو عەمشە] لەسەر ئەمە رقی لە بەرامبەر شیێ و خەڵکەکەی لە دڵدا هەڵگرت."
 
مستەفا شێخۆ باس لەوە دەکات، دوای رووداوەکەی رۆژی دووشەممە، پەیوەندییان بە هێزەکانی ئاسایشی گشتییەوە کردووە و ئەوانیش چوونەتە شوێنی رووداوەکە و "رێکاری ئەمنییان توندوتۆڵ کرد". 
 
ساڵی 2023، بە تۆمەتی تاوانکردن دژبە کورد لە عەفرین، ئەمریکا سزای خستە سەر ئەبو عەمشە و گرووپەکەی. عەمشات یەکێک بوو لەو گرووپانەی لە ساڵی 2018 لەگەڵ تورکیا هێرشیان کردە سەر عەفرین. 
 
چەکدارەکانی عەمشات تۆمەتبارن بە کوشتنی هاونیشتمانییان و تاڵانکردن و تێکدانی سەروەت و سامانیان. 
 
دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی لە 8ـی کانوونی یەکەم کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا. ئەبو عەمشە لەو کاتەوە بووەتە فەرماندەی یەکەی ژمارە 62ـی سوپای نوێی سووریا کە هەر لە چەکدارانی عەمشات پێکدێت. 
 
هەفتەی رابردوو مەزڵووم کۆبانێ و ئەحمەد شەرع رێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ ئەوەی "هەموو دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بخرێنەسەر ئیدارەی دەوڵەتی سووریا، لە نێویاندا دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە و کێڵگەکانی نەوت و گاز."
 
بڕیارە رێککەوتنەکە کۆتایی ئەم ساڵ بچێتە واری جێبەجێکردنەوە. 
 
تاوەکو ئێستا هیچ پێکدادانێک لە نێوان هەتەشە و هەسەدەدا رووینەداوە. 
 
بەشێک لە ئەندامانی ئاسایشی گشتی کە سەر بە هەتەشەن، بەم دواییانە رەخنەی تووندیان لە عەمشات و حەمزات گرت، دوای ئەوەی کە لە ناوچە کەنارییەکان، لەسەر بنەمای ئەوەی لایەنگری ئەسەدن، گرژی لەگەڵ دانیشتووانی عەلەوی دروستبوو. 
 
عەمشات و حەمزات لە لایەن چەند ئەندامێکی هەتەشەوە تۆمەتبارکران بەوەی خەڵکی سڤیلی بێتاوانیان کوشتووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە