رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە لەکاتی تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلێکی سوپای تورکیا بە نزیک سەربازگەی گوداد کە ناسراوە بە باشیک، بۆمبێکی چێندراو پێیدا تەقییەوە و بەهۆیەوە دوو سەرباز برینداربوون.
محەممەد ئەمین غەریب، بەڕێوەبەری ناحیەی زێلکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کاژێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ لەکاتی تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلێکی سوپای تورکیا ئەو بۆمبەی پێدا تەقیوەتەوە، بەپێی زانیارییەکان دوو سەرباز بە سووکی بریندابوونە و زیانیش بەر ئۆتۆمبێلەکە کەوتووە."
سەبارەت بەوەی کێ لەپشت چاندنی ئەو بۆمبەوەیە، بەڕێوەبەری ناحیەی زێلکان رایگەیاند، "جارێ زانیاریی پێویستمان لەبەردەست نییە."
سەربازگەی گوداد لە چیای باشیک لە ساڵی 2015ـەوە ژمارەیەک سەربازێکی تورکیای تێدا ماونەتەوە کە ئەوکات مەشق و راهێنانیان بە حەشدی وەتەنی دەکرد بۆ ئەوەی دژی داعش شەڕ بکەن.
ئەوە لەکاتێکدایە، زیاتر له 25 ساڵە تورکیا و پەکەکە له باشوورى كوردستان شهڕ دهكهن، دوو ساڵه ئۆپەراسیۆنەکانیان تووندتر كراون و رۆژانه بۆردوومان و تۆپبارانکردن بهردهوامه. بههۆی ئەو شەڕەیشەوە تاوەکو ئێستا 365 گوند چۆڵکراون. جگە لە زیانی ماددی، تەنیا لە سێ ساڵدا 33 کەس لە خەڵکی سڤیل لە سنووری پارێزگای دهۆک گیانیان لەدەستداوە. زیان بەر خەڵکی 13 شارۆچکەی سنووری پارێزگای دهۆک کەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ