گەنجێکی بەردەڕەش تووشی نەخۆشییەکی دەگمەن بووە و سییەکانی دادەکشێن

18-07-2025
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
چارەسەری نەخۆشییەکە بە نەشتەرگەرییە و تێچووەکەی 6 ملیۆن دینارە.
چارەسەری نەخۆشییەکە بە نەشتەرگەرییە و تێچووەکەی 6 ملیۆن دینارە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گەنجێکی 17 ساڵانی قەزای بەردەڕەش تووشی نەخۆشییەکی دەگمەن بووە. رۆژ بە رۆژ سییەکانی دادەکشێنن و کاریگەری لەسەر هەناسەدانی دروستکردووە. لێدانی دڵی زیادی کردووە و بەزەحمەت خواردن دەخوات.
 
ئدریس غازی، نەخۆشەکەیە و دەڵێت، "خەوم نییە، شەو تاوەکو بەیانی لەبەر دەرگا دێم و دەچم. خواردنم پێناخورێت، ناتوانم هەناسە بدەم و خواردنیش ناتوانم بخۆم."
 
ئیدریس لە زکماکەوە نەخۆشییەکەی هەبووە. خێزانەکەی لەبەر هەژاری نەیانتوانیوە چارەسەری بکەن. هێندە پارەیان لێ خەرج کردووە هیچیان لەبەردەست نەماوە، ئیدی ناتوانن بیبەنە لای پزیشکیش.
 
غازی سورچی، باوکی نەخۆشەکەیە و باس لەوە دەکات، "هەموو ئەو پارەیەی هەمانبوو لە لە پزیشکەکان خەرجمان کرد، ناتوانین یەک دیناریش هەڵبگرین. خەڵک چەند پارەمان پێدەدات، لەبەر پزیشک بەشمان ناکات."
 
بەگوێرەی قسەی پزیشکەکان، خێزانەکە هەموویان جۆرێک لە نەخۆشییەکەیان هەیە، هۆکارەکەیشی بۆماوەییە. چارەسەرەکەیشی نەشتەرگەرییە و لە هەرێمی کوردستان دەکرێت. 
 
کارزان سیامەند، پزیشکی پسپۆری نەخۆشییەکانی دڵە و دەڵێت، "پێوسیتی بە نەشتەرگەرییە و نەشتەرگەرییەکەش خۆی بریتییە لە شکاندنەوەی بەستەری دیواری سینگ لە رێی کونی نازوڕ لە هەردووک لایەوە و لە بڵندکردنی سینگی لەڕێگەری بەربەستێک بۆ ئەوەی ئەم کێشەیەی نەمێنێت. چارەسەرەکەی لە هەرێمی کوردستان هەیە و تێچووەکەی 6 ملیۆن دینارە."
 
خێزانی ئیدریس لە گوندی بەردەسۆری سەر بە ناحیەی رۆڤیا لە قەزای بەردەڕەش. باوکی ئیدریس پێشمەرگەیە و لەگەڵ براکەی هەردووکیان نەخۆشن، بەڵام لەبەر نەخۆشییەکی ئیدریس خۆیان لەبیر کردووە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە