چەکدارەکانی سووریا بۆ ئازادکردنی دوو کچی کورد داوای 100 هەزار دۆلار دەکەن

17-09-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چەند کەسێکی نەناسراو دوو کچی کوردیان بە ناوەکانی نورمان جەلال، کە هاووڵاتی ئەڵمانییە و فاتیمە ساڵح لە حەلەبی سووریا رفاند و داوای 100 هەزار دۆلار دەکەن و هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکەن ئەگەر خێزانەکانیان ئەو بڕە پارەیە نەدەن.
 
نورمان جەلال، هەڵگری پاسپۆرتی ئەڵمانیایە، سەرەتای ئەم ساڵ لە ئەڵمانیاوە گەڕابووەوە زێدی خۆی لە کۆبانێ و بڕیار بوو لە چەند رۆژی داهاتوودا بگەڕێتەوە بۆ شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا. 
 
نورمان و هاوڕێکەی رۆژی شەممە رفێندران لە کاتێکدا بەرەو شاری حەلەب لە رێگەدا بوون، نورمان، کە کاری جوانکاری دەکات، دەیویست پێداویستییەکانی کارەکەی بکڕێت.
 
مستەفا عادل، خزمێکی نورمان، بە رووداوی راگەیاند، یەکێک لە رفێنەرەکان رۆژی یەکشەممە لە رێگەی ئینستاگرامەکەی نورمانەوە پەیوەندی پێوە کردووە و دەڵێت، "پشتڕاستیان کردمەوە کە نورمانیان رفاندووە."
 
مستەفا عادل پێیوایە نورمان لەلایەن لیواکانی سلێمان شا، ناسراو بە (عەمشات) دەستبەسەر کراوە، کە گرووپێکی میلیشیای ناودارن و لەلایەن ئەمریکاوە سزا دراون.
 
سەرەتا رفێنەرەکە داوای 30 هەزار دۆلاری کردووە بۆ ئازادکردنی نورمان، بەڵام رۆژی دواتر پەیامێکی دیکەی بۆ عادل ناردووە و گوتوویەتی بەهۆی ئەوەی خێزانەکەیان حکومەتی ئەڵمانیایان ئاگادار کردووەتەوە، بڕی پارەکە بۆ 150 هەزار دۆلار زیاد کراوە. 
 
رفێنەرەکە هەڕەشەی کوشتنی نورمانی کردووە ئەگەر خێزانەکەی ئەو بڕە پارەیە نەدەن. عادل دەڵێت: "کاتێک گوتم بڕەکە زۆرە، وەڵامی دایەوە ئایا بڕی پارەکە دەدەیت یان نورمان بکوژین؟ منیش گوتم بە دڵنیاییەوە بڕی پارەکە دەدەین. دواتر گوتیان 100 هەزار دۆلاریش قبووڵ دەکەین."
 
خزمەکەی نورمان بۆ رووداو پشتڕاستی کردەوە، خێزانەکەی لەگەڵ حکومەتی ئەڵمانیا کاریان کردووە بۆ دۆزینەوەی شوێنی رفێنەرەکان لە رێگەی شوێنپێهەڵگرتنی ئەو ئامێرەی کە بۆ چوونە ژوورەوەی ئەکاونتی ئینستاگرامەکەی بەکارهاتووە. 
 
ئەنجامەکان ئەوەیان دەرخستووە، نورمان لە عەفرین راگیراوە، ناوچەیەک کە چەکدارانی عەمشات تێیدا چالاکن، ئەمە سەرەڕای بوونی هێزەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق لەو ناوچە کوردییەدا.
 
عادل ئەوەشی گوتووە پەیامی دەنگی وەرگرتووە کە گوایە نورمان تۆماریکردووە، تێیدا بە دەنگێکی پچڕپچڕ داوای یارمەتی دەکات. گوایە نورمان گوتوویەتی: "مستەفا [عادل]، هەموو شتێک سوور دەبینم، ئەوان دەمکوژن، ژیانم لە مەترسیدایە، بە ئەوان [خێزان] و باوکم بڵێ 25 هەزار [دۆلار] بدەن."
 
رۆژی سێشەممە رووداو پەیوەندیی بە وەزارەتی ناوخۆی سووریاوە کرد، بەرپرسانی وەزارەتەکە رایانگەیاند، "لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە دەکەن."
 
عادل گوتی، ئۆتۆمبێلەکەی نورمان، کە لەلایەن رفێنەرەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە، بەهای نزیکەی 15 هەزار دۆلارە و بڕی 2,000 یۆرۆ (نزیکەی 2,370 دۆلار)ـی پێبووە کە باوکی لە ئەڵمانیاوە بۆی ناردبووەوە بۆ کڕینی پێداویستییەکانی کار لە حەلەب.
 
نورمان و فاتیمە تەنیا کچە کوردەکانی کۆبانێ نەبوون کە رۆژی شەممە لە دێر حافر رفێندران. کچێکی تریش بە ناوی هەیفا عادل تاھر، لە هەمان رۆژ و لە هەمان ناوچەدا رفێندرا.
 
ئیبراهیم شێخۆ، چالاکڤانی دیاری مافەکانی مرۆڤ لە رۆژئاوای کوردستان، بە رووداوی گوت، کچە تەمەن 25 ساڵانەکە خەڵکی گوندی خرابه عاتۆی کۆبانێیە.
 
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەرسێ کچەکە لە ماوەی چەند کاژێرێکدا لە هەمان ناوچەدا رفێندراون، نیگەرانییەکی گەورە دروست دەکات کە لەوانەیە دۆسییەکان پێکەوە بەستراو بن و لەوانەیە کاری هەمان میلیشیای چەکدار بن.
 
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ (SOHR) کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، رایگەیاند، نزیکەی 1,647 کەس لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە رفێنراون یان بێسەروشوێن بوونە.
 
رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی SOHR، رۆژی سێشەممە بە رووداوی گوت: "292 رفاندن لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی دیمەشق تۆمار کراون، لە کاتێکدا 63 رفاندن لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی سوپای نیشتمانیی سووریا (SNA)ـی سەر بە تورکیا روویانداوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە