حكومەتی هەرێمی کوردستان دوو دارستانی بینراو و نەبینراو بنیات دەنێت

17-09-2025
ژیڤان بەکر
ژیڤان بەکر
A+ A-
 
هەولێر دیجیتاڵ

پارێزگای هەولێر دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ژینگە و دابینکردنی داهاتوویەکی تەندروست، دوو دارستانی بینراو و نەبینراو "کە کاریگەرییان هێندەی 31 ملیۆن داری سرووشتییە"، بنیات دەنێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2025، پارێزگای هەولێر رایگەیاند، حكومەتی هەرێمی کوردستان بە دیدێکی ستراتیجى و دووڕەهەند، هەنگاوی کردەیی بۆ هاووڵاتییانی دەنێت. ئەم ستراتیجییە تەنیا لە چاندنی داردا کورت نابێتەوە، بەڵکو لە دوو رێڕەوی هاوتەریبدا کاردەکات.
 
بە گوێرەی پارێزگای هەولێر، ئەو دوو دارستانە یەکیان بینراو و ئەوەی دیکەیان نەبینراوە. یەکەمیان، دروستکردنی "سییەکی سەوزی بەرجەستە" لە رێگەی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێرەوەیە. دووەمیان، بنیاتنانی "دارستانێکی نەبینراو"ە بە لەنێوبردنی گەورەترین سەرچاوەی پیسبوونی هەوا "نەهێشتنی موەلیدەكان" کە ئەویش پڕۆژەی رووناکییە.
 
پارێزگای هەولێر لەبارەی دارستانە بینراوەکەوە دەڵێ، 7 ملیۆن دار باوەش بە پایتەختدا دەکەن. ئەمەیش تەنیا پڕۆژەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو شۆڕشێکی سەوزە کە سیمای پایتەخت بۆ هەمیشە دەگۆڕێت. پلانەکە ئەوەیە بە درێژایی 92 کیلۆمەتر و پانیی دوو کیلۆمەتر پشتێنەکە دروست بکرێ.
 
سەروەر وەیسی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکان لە هەولێر بە رووداوی گوت: "سەبارەت بە رووبەری پشتێنەی سەوزایی هەولێر، رووبەرەکە بە هاوکاریی رێکخراوی ئێن دی پی خاوێن دەکەینەوە و بە شێوازێکی تەکنیکی هاوکاری وەزارەتی کشتوکاڵ دەکەین."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکان لە هەولێر گوتیشی: "دارەکان بەردارن، بۆیە چاندنیان دەکەوێتە ئەستۆی وەزارەتی کشتوکاڵ و ئەوان ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکەن."
 
لە پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێردا 7 پۆند دروستدەکرێن و 7 ملیۆن داری بەری وەک زەیتوون و فستق دەڕوێندرێن، بەو جۆرە هەلی کاریش دەڕەخسێندرێ.
 
لەبارەی دارستانی دووەم و نەبینراوەکەوە، پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەداوە "هێزی ژینگەیی پڕۆژەی رووناکی"یە. دەشڵێت: "هاوتەریب لەگەڵ دارستانە سەوزەکە، بە کوژاندنەوەی هەزاران موەلیدەی ئەهلی، ساڵانە بڕی 600 هەزار تۆن گازی ژەهراویی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە هەوای هەرێمی کوردستان کەم دەکاتەوە."
 
لەبارەی ئەو موەلیدانەی کوژێندراونەتەوە، سەروەر وەیسی دەڵێت: "لە پلانماندایە ئەو موەلیدانەی لەسەر رووبەری سەوزایی دانراون، دەوروبەریان دەکەینە سەوزایی و ئەگەر موەلیدەکانیش هەڵگیران، شوێنی ئەوانیش دەکەینە سەوزایی."
 
سەبارەت بە هێزی گریمانەیی دارستانە بینراو و نەبینراوەکە، لە راگەیێندراوەکەوەی پارێزگای هەولێردا هاتووە: "کوژاندنەوەی موەلیدەکان، هێزی 24 ملیۆن و پشتێنەی سەوزاییش هێزی 7 ملیۆن داری سروشتییان هەیە، کۆی گشتی ئەم دوو پڕۆژەیە، هێز و کاریگەریی ژینگەیی زیاتر لە 31 ملیۆن دار بە هەرێمی کوردستان دەبەخشن."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.