وەهاب هەڵەبجەیی لە دادگەى باڵاى فیدراڵى سکاڵا دژی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تۆمار دەکات

17-10-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی لە دادگەى باڵاى فیدراڵى سکاڵا لە دژى درێژکردنەوەى کارکردن بە یاساى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر تۆمار دەکات و داوا دەکات ئەو بڕیارانەى لەدواى ساڵى 2018 بەگوێرەى ئەو یاسایە دەرکراون بە نادەستووریی هەژمار بکرێن، بەو بڕیارانەشەوە کە لە دادگەکانى هەولێر لە دژى دەرکراون.
 
بەگوێرەى خشتەى کارى کۆبوونەوەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، 29ى تشرینى یەکەم تاوتوێى سکاڵایەک دەکات کە وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی لە دژى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان تۆماری کردووە. لە سکاڵاکەدا وەهاب هەڵەبجەیی، کە ئێستا ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیشە، داوا دەکات دادگەکە ماوەى کارپێکردنى جێبەجێکردنى یاسای ژمارە 3ى ساڵى 2006ى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر بە نادەستوورى بزانێت، کە بەگوێرەى یاسای ژمارە 7ى ساڵى 2018 دیاریکراوە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی داواشی کردووە، "سەرجەم ئەو بڕیارە دادوەرییانەى لە دادگەکانى هەولێر لە دژى دەرچوون، پووچەڵ بکرێنەوە."
 
یاساى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر لە ساڵى 2006 لە پەرلەمان پەسند کرا، لە مادەى 17دا ئاماژە بەوە دراوە کە بۆ ماوەى دوو ساڵ کار بە یاساکە دەکرێت لە رۆژى بڵاوکردنەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقییەوە.
 
لە ساڵى 2018 پەرلەمان یاساى کارپێکردن بە یاسای بەرەنگاربوونەوەى تیرۆرى دەرکردووە، کە تێیدا ئاماژە بەوە دراوە کە کار بەو یاسایە دەکرێت؛ بەبێ ئەوەى ئاماژە بە وادەیەکى دیاریکراو بکات کە تێیدا یاساکە کارا دەبێت، وەکو ئەوەى لە یاساکەى ساڵى 2006 هاتووە کە بۆ ماوەى دوو ساڵ بووە.
 
17ى تشرینى یەکەمى 2023 وەعدى مزوورى، راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەگەر ئەو تانەیە پەسند بکرێت، سەرجەم ئەو بڕیارانەى کە لە ساڵى 2018 بەدواوە لە دادگەکان بەگوێرەى یاسای بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر دەرکراون، هەڵدەوەشێندرێنەوە."
 
وەعدى مزوورى پێشبینیی کرد کە دادگەى باڵاى فیدراڵى ئەو تانەیە رەتبکاتەوە و گوتیشی، "ئەو یاسایە مافى یاسادانانى پەرلەمانى کوردستانە و یاسایەک نییە کە لە عێراقى بووبێت و پەرلەمان هەموارى کردبێتەوە تاوەکو هەموارەکە هەڵبوەشێندرێتەوە."
 
7ى تشرینى یەکەمى 2022 لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا عەقید هاوکار عەبدوڵڵا، ناسراو بە هاوکار جاف گیانی لەدەستدا و لەسەر ئەو دۆسیەیە لە 4ى حوزەیرانى 2023، دادگەی تاوانی هەولێر، بە غیابی سزاى لەسێدارەدانى بۆ شەش کەس دەکرد، کە وەهابە هەڵەبجەیی یەکێکیان بوو، گوایە لەو کەیسەدا تێوەگلاون.
 
پێشتر لە 12ى تشرینى یەکەمى 2022 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڤیدیۆیەکدا دانپێدانانی شەش کەسی بڵاوکردەوە کە تۆمەتبار کرابوون بە کوشتنی هاوکار جاف، ئەفسەری پێشووی دژەتیرۆری یەکێتی. ئەنجوومەنی ئاسایش لە ڤیدیۆکەیدا تیمێکی دژەتیرۆری سلێمانی بە کوشتنی هاوکار جاف تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، بە فەرمانی راستەوخۆی "بەرپرسی دژەتیرۆری سلێمانی" و "بەرپرسی هەواڵگریی دژەتیرۆری سلێمانی" کراوە.
 
بەڵام دواتر دەزگای دژەتیرۆری سلێمانی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی رەتکردەوە و رایگەیاند، "ناوهێنانی دژەتیرۆر و تۆمەتبارکردنی لەلایەن هێزێکی هەواڵگریی چەواشەکار کە هەمیشە لە بەرەکانی جەنگی پارێزگاری لە کوردستان هەڵاتووە و سەر بە لایەنێکی پیلانگێڕی دۆڕاوی ئەم هەرێمەیە کە رێڕەوی ئاسایشیان ونکردووە و، لەبری کارکردن بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمەکەمان، سەرقاڵی داتاشینی ئەو سیناریۆیانەن کە سیاسییە دۆڕاوەکانیان فەرمانیان پێدەکەن و ئەم دەزگا هەواڵگرییە چەواشەکارە جێبەجێیان دەکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.