رووداو دیجیتاڵ
عەرەب بە 7 لیست و تورکمان بە دوو لیست لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە کەرکووک بەشدار دەبن، ناکۆکی سیاسیی عەرەبی جیا کردووەتەوە، تورکمانەکانیش بەسەر دوو لیستی زۆرینە سوننە و شیعە دابەش بوون.
250 بەربژێر لە کەرکووک رکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 13 کورسی پشکی ئەو پارێزگایە کە یەکێکیان کۆتای کریستیانە، جگە لە بەربژێرانی تاک و کۆتا، بەربژێرانى 14 لیست رکابەرى دەکەن.
لە کەرکووک رکابەریی سەرەکی بۆ هەڵبژاردن لە نێوان سێ نەتەوەی شارەکەیە، کورد، تورکمان و عەرەب هەوڵی بەدەستهێنانی کورسییەکانی کەرکووک دەدەن.
عەرەبی کەرکووک 7 لیستیان بۆ هەڵبژاردن هەیە
لایەنە عەرەبییەکان لە کەرکووک بە 5 پارت و 2 هاوپەیمانێتیی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن، دیارترینیان پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕائی، هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی راکان جبووری، هاوپەیمانیی حەسم بە سەرۆکایەتیی سابت عەباسی وەزیری بەرگریی عێراق.
عەزام حەمدانی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکووک رۆژی هەینی 17-10-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: " پێویست و دروست بوو لیستێک یان دوو لیستی عەرەبی هەبێت نەک زیاتر، ئەو دۆخە وا دەکات دەنگی عەرەب لە کەرکووک پەرت بێت، ئەنجامەکەی ئەوە دەبێ کە ئەو پشکە لە کورسییەکان بەدەستنەهێنین شایستەیە."
لە هەڵبژاردنی 2021ی پەرلەمانی عێراق، بەربژێرانی سندووقی عەرەبی سوننە سەر بە هاوپەیمانیی تەقەدووم، عەقدی وەتەنی، سەروەری بوون، هەر یەکێکیان یەک بەربژێریان سەرکەوت، هەروەها بەربژێرێکی عەرەبی سوننەش لەو هەڵبژاردنە بووەتە پەرلەمانتار.
عەزام حەمدانی گوتی: "هەوڵماندا بۆ ئەوەی لیستێک یان دوو لیست هەبێت، بەڵام ناکۆکی و نەگونجانی سیاسی وای کرد چەند لیستێک هەبێت."
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی 2023، لایەنە عەرەبییەکان لە کەرکووک بە پێنج لیست و لایەن بەشداربوون، هاوپەیمانیی عەرەبی لە کەرکووک، قیادە، هاوپەیمانی عروبە، پارتی سیقە، هاوپەیمانیی مەدەنی بوون، بە هەموویان 212 هەزار و 448 دەنگیان بەدەستهێنا.
تورکمان، دوو لیست بە باوەڕی جیاوە
تورکمانەکان لە کەرکووک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە دوو هاوپەیمانێتی بەشدارن، لیستی بەرەی تورکمانی یەکگرتوو بە سەرۆکایەتیی ئەرشەد ساڵحی، لەگەڵ لیستی "ئینقازى تورکمان" بە سەرۆکایەتیی غەریب عەسکەر تورکمانی.
تەحسین کەهیە، جێگری ئەمینداری گشتیی یەکێتیی ئیسلامیی تورکمانی عێراق رۆژی هەینی 17-10-2025 تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دەرەوەی ئەو دوو لیستە، تورکمانی دیکە نییە، بەرەی تورکمانی یەکگرتوو زیاتر لە پارتە نەتەوەییەکان پێکهاتووە، بەڵام لیستی هاوپەیمانیی ئینقازى تورکمان زیاتر لەو هێزە ئیسلامییانەن نزیکن لە شیعەوە."
تورکمانەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021 بۆ کەرکووک دوو ئەندامی دوو لیستی جیاوازیان هەبوو کە بەرەی تورکمانی و لیستی چوارچێوەی تورکمانی بوو. یەکەمیان نزیک لە سوننە و دووەمیان لە نێو هێزە شیعەکاندا بوو.
لە هەڵبژاردنی 2023ی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، تورکمانەکان بە دوو لیست بەشدار بوون، هاوپەیمانیی بەرەی تورکمانی یەکگرتوو لەگەڵ لیستی 'کەرکووکنا' بوون و بە هەردووکیان 97 هەزار و 867 دەنگیان بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ