رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک رەتیکردەوە هیچ کەسێکیان لە کاتی گردبوونەوەکەی ئەمڕۆی گەڕەکی رەحیماوا دەستگیرکردبێت.
ئەو فەرماندەییە ئێوارەی چوارشەممە 17ی کانوونی یەکەمی 2025 روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە لەبارەی ئەو گرژییە ئەمنییەی لە کەرکووک لەنێوان ژمارەیەک هاونیشتمانیی کورد و هێزە ئەمنییەکان دروست بوو، کاتێک ئەو هاونیشتمانییانە هەوڵیان دا ئاڵای کوردستان لەسەر پەیکەری پێشمەرگە هەڵبکەنەوە.
فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاندووە، بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت سکاڵای یاسایی لە دادگاکان تۆمار بکات لە دژی ئەوانەی کە بەگوتەی ئەو فەرماندەییە، "راستییەکان دەشێوێنن".
ئەو گرژییانە هاوکات بوو لەگەڵ رۆژی ئاڵای کوردستان، لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2016 ئاڵای کوردستان لە دەستی پەیکەری پێشمەرگە هێنرایە خوارەوە و ئاڵای عێراق لە شوێنەکەی هەڵکرا.
لە کاتی رووماڵکردنی ئەو گرژییانە لەلایەن رووداوەوە، دەردەکەوێت هێزە ئەمنییەکان چەند گەنجێک دەستگیر دەکەن.
عەقید عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "هیچ کەسێک لەسەر خۆپێشاندان یان هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دەستگیر نەکراوە، چەند گەنجێک لە کاتی گردبوونەوەکەی بەردەم پەیکەری پێشمەرگە کە بەهۆی وێنەگرتنی هێزە ئەمنییەکان و دەمەقاڵێ دەستبەسەر کرابوون، هەر لەوێ ئازاد کران و کەرستەکانیان پێدرایەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ