رووداو دیجیتاڵ
دژەتیرۆری کوردستان رەتیدەکاتەوە هێرشکرابێتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
شەوی پێنجشەممە 18ی کانوونی دووەمی 2024، دژەتیرۆری کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و هیچ درۆنێکیش نەخراوەتە خوارەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی هەولێر بە رووداوی گوت، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە بە ئاڕاستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر دەهات، خرایە خوارەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو کە لە سەرچاوەکەی فڕۆکەخانەوە وەریگرتبوو، درۆنەکە لەلایەن هاوپەیمانان و دوور لە شوێنی نیشتەجێبوون و قەرەباڵخی خراوەتە خوارەوە و زیانی گیانی نەبووە.
جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 دەستی پێکرد و لە 17ی هەمان مانگەوە هێرشی ئەو گرووپانەی خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی ناودەبەن بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا دەستی پێکرد.
ئەو گرووپە چەکدارانە دەڵێن، هێرشەکانیان وەک کاردانەوەیە بەرامبەر پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە.
بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن، لە 17ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە لانیکەم 130 هێرش کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا کە 53یان لەهەرێمی کوردستان و عێراق بوون و 77 هێرشەکەی دیکە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ