تەرمی شۆفێرێکی تاکسی 72 ساڵان لە کەرکووک دۆزرایەوە

18-01-2024
نوێژی مردوو لەسەر شۆفێری تاکسییەکە دەخوێندرێت.
نوێژی مردوو لەسەر شۆفێری تاکسییەکە دەخوێندرێت.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی لە دوێنێ چوارشەممەوە بە تاکسییەکەی چووبوە دەرەوە و نەگەڕابووەوە، ئەمڕۆ تەرمی مام رەحیم، شۆفێری تاکسی کە تەمەنی 72 ساڵە لە کەرکووک دۆزرایەوە.
 
مام رەحیم خەڵکی کەرکووکە و دراوسێکانی دەڵێن، "پیاوێکی خێرۆمەند و چاکەکار بوو".
 
تەرمی مام رەحیم لە چەمی گۆرانی ناحیەی قەرەهەنجیر دۆزرایەوە کە فیشەکێک بەر سەری کەوتووە
کەس و کارەکەی دەڵێن، لە دوێنێ نیوەڕۆوە تاکسی پێ بووە و چووەتە دەرەوە، ئیدی لە ئێوارەوە مۆبایلی داخراوە و بێ هەواڵ بوون لێی تا بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە تەرمەکەیان دۆزییەوە، بەڵام ئۆتۆمبێلەکەی دیار نەماوە.
 
مام رەحیم خۆی و هاوژینەکەی لە ماڵێکدا ژیاون، خاوەنی سێ کوڕ و کچێکە و چەند ساڵێک لەمەوبەر لە تەقینەوەیەکی گەڕەکی شۆرجە دوو کچی شەهید بوون.
 
بەگوتەی کەس و کارەکەی ئۆتۆمبێلەکەی لە کامێرای چاودێریی بازگەی چیمەن بینراوە بەئاڕاستەی قەرەهەنجیر کە شۆفێر و سەرنشینێکی تێدابووە.
 
مامۆستا فاتیح برا گەورەی کوژراوەکەیە و بە رووداوی گوت، گومان دەکات تەنیا ئامانج لەم کردەوەیە دزیکردن بێت.
 
هەریەک لە هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونن لەسەر ئەم رووداوە.
 
پۆلیسی کەرکووک لەسەر رووداوەکە دەڵێت، "لە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی سەرەداویان لەبەردەستە، بۆ ئەوان وەک رووداوی دزیکردن پەڕاوی لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوەتەوە و گومان دەکرێت دزەکان لای کوژراو ئاشکرابووبێتن بۆیە پەنایان بردووەتە بەر کوشتنی".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە