رووداو دیجیتاڵ
دوای 11 دانیشتن و لێکۆڵینەوە، دادگەی سلێمانی بڕیاریدا بە لەسێدارەدان و قەرەبووکردنەوە بە 215 ملیۆن دینار بەسەر بکوژانی نەقیب محەممەد لەتیف، ئەفسەر لە تووندوتیژی ژنانی سلێمانی سەپاند کە کۆتایی 2021 لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک تەقەی لێکرا و گیانی لەدەستدا.
دادوەر سەلاح حەسەن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، " ئەمرۆ یەکشەممە، دادگەی تاوانەکانی 3ـی سلێمانی بەپێی ماددەی 406 (1 ئەلف، ز، هـ) بڕیاری لە سێدارەدانی سەپاند بەسەر بۆ تاوانبار "پ. ع. م" کە بکوژی نەقیب محەممەد بووە، هەریەکە لە (ی. پ) و (ت. ع)یش بە تۆمەتی هاوکاریکردنی بکوژ زیندانی تاهەتایی بکرێن".
سەلاح حەسەن ئاماژەی بەوەشکرد، "دادگە بڕیاریدا بە قەرەبووکردنەوەی بنەماڵەی نەقیب محەممەد بە بڕی 215 ملیۆن دیناری کاش، هەروەها بڕیارەکەش دەنێردرێت بۆ دادگەی پێداچوونەوە لە هەولێر."
سەرکەوت عومەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بە رووداوی گوت، "دوای 11 دانیشتنی یەک لە دوای یەکی دادگە لەسەر کەیسی شەهید نەقیب محەممەد، بڕیاری دادپەروەرانەی خۆییدا و تاوانبار لە سێدارە دەدرێت."
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی بە توندوتیژی دژی ژنان باسی لەوەشکرد، "ئێمە زۆر خۆشحاڵین دادگە توانی سزای پێویست و شایستە لە کەیسەکە بدات و ئەمەش دەبێتە پاڵپشتییەکی مەعنەوی بۆ ئێمە لەکاتی ئەرکەکانمان و دەبێتە پاڵپشتی خێزانەکەشی."
لەبارەی رەوانەکردنی دۆسییەکە و بڕیارەکەی دادگەی سلێمانی بۆ دادگەی پێداچوونەوەی هەولێر، سەرکەوت عومەر دەڵێت، "تیمی پارێزەرانی رووداوەکە بەردەوام دەبن لە چاودێریی دۆسییەکە تاوەکو لە دادگای پێداچوونەوەی دەگەڕێتەوە و بە تەواوی بڕیاری لە سێدارەدانەکە جێبەجێدەکرێت."
شەوی 4ـی کانوونی یەکەمی 2021، نەقیب محەممەد لەتیف و تیمێکی بەڕێوەبەرایەتیی توندوتیژیی دژی ژنان چوون بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک کە توندوتیژی بەرامبەر هاوژینەکەی کردبوو، بەڵام پیاوی ئەو ژنە لەگەڵ کوڕێک و برایەکی تەقەیان لە تیمەکە کرد و بەهۆیەوە نەقیب محەممەد لەتیف گیانی لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ