رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی ئاکرێ دەڵێت، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی ژاوەژاو، هەموو موەلیدەکانی قەزاکە بێدەنگ کران.
رۆژی سێشەمممە 18ی شوباتی 2025 دلاوەر بوزۆ، قایمقامی قەزای ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "20 رۆژ پێش ئێستا هەموو خاوەن موەلیدەکانمان ئاگادار کردەوە کە دەبێت لە ماوەیەکی کەمدا هەموو موەلیدەکان بێدەنگ بکەن، ئەگەر نا رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە."
قایمقامی ئاکرێ ئاماژەی بەوەش کرد، لە مانگی رابردووە دەستیان کردبوو بە پڕکردنەوەی فۆڕم، هەموو خاوەن موەلیدەکان فۆڕمەکەیان پڕکردەوە و پابەند بوون، "خانوو یان سندووق بۆ موەلیدەکان دروست دەکرێت، تاوەکو دەنگیان دەرنەچێت و خەڵک بێزار نەکەن."
لە سەنتەری قەزای ئاکرێ 72 موەلیدە هەن؛ بە گوتەی دلاوەر بوزۆ، "تەنیا یەک موەلیدە ماوە بێدەنگ بکرێت، ئەویش بە زووترین کات دەکرێت."
12ی کانوونی دووەمی 2025 حکومەتی هەرێمی کوردستان چوار بڕیاری بۆ پاککردنەوەی هەوای شارەکان دەرکرد کە بریتین لە:
یەکەم: هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەکان کاربکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
دووەم: رێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسی ئوتومبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندرووستی هەیە؛ هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.
سێیەم: دەبێت خاوەنی موەلیدەکانی کارەبا پابەندی رێنماییەکانی حکومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
چوارەم: رێگری لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکاردەهێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ