رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، یەکێتی ترسی هەیە هەڵبژاردن بۆ ماوەیەکی زۆر لە هەرێمی کوردستان دوابخرێت، دەنا ئەگەر مانگێک و دوو مانگ بێت دواخستنەکە گرفتیان نابێت و باس لەوەش دەکات کە لەم هەڵبژاردنەدا حیزبەکەیان ژمارەی دەنگ و کورسییەکانیان "زۆر زیاد دەکات."
لە بەشێکی گوتەکانیشیدا باس لە گەشبینیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئایندەی کوردستان دەکات و دەڵێت ئەو گەشبینییە "زۆر گرنگە."
بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە لە یەکێک لە ستەیجەکانی تۆڕی میدیایی رووداو لە هەشتەمین دیداری سلێمانی پێشکیشکرا، گوتی: "گوتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیداری سلێمانی دڵخۆشکەر بوون و بۆچوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی تەبایی زۆر گرنگە."
گوتیشی: "گەشبینیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا کە لە دەستپێکی هەشتەمین دیداری سلێمانی لە زانکۆی ئەمریکی پێشکێشی کرد بە ئایندەی هەرێمی کوردستان کەشێکی گەشبینی لەنێو ئامادەبووانی دیدارەکە دروستکرد و هەر ئەو گەشبینییەی بەڕێزیان وادەکات خەڵک گەشبین بێت لەبارەی ئایندە و ئەو گەشبینییەش زۆر گرنگە."
"ناتەبایی سیاسی"
بە گوتەی بڵێسە جەبار فەرمان پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی ئێستا لەئاستی پێویستدا نین و دەڵێت: "ناکۆکی پارتی و یەکێتی بووەتە مایەی زیان بۆ هەرێمی کوردستان و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بووەتە خاڵی ناکۆکیی و ناتەبایی سیاسیی نێوان ئەو دوو حیزبە."
"یەکێتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە وادەی خۆیدا و هیچکات لەگەڵ پەکخستنی پەرلەمان نەبووین و پێمانوایە پێویستە پەرلەمانێکی بەهێز هەبێت کە بڕیار لە پرسە چارەنوسسازەکان بدات،" بڵێسە جەبار فەرمان وای گوت.
گوتیشی، دەستوەردانی حیزبی وای کردووە پەرلەمان لاوازبێت "لەکاتێکدا بنچینەی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن و پەرلەمانە، هەربۆیە زۆر بە گرنگی دەزانین هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجامبدرێت."
بڵێسە جەبار فەرمان پێیوایە، ئەگەر هەڵبژاردن دوابخرێت و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش وادەی بەسەربچێت ئەوکات "قەیرانی زۆر گەورە دروست دەبێت."
هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، چونکە دۆخی سیاسیی عێراقیش "ئێستا ئاڵۆزە و هیچ گرەنتییەک نییە کە پەرلەمانی عێراق بتوانێت پرسی بەسەرچوونی وادەی کۆمیسیۆن چارەسەر بکات لەکاتێدا ئەو پەرلەمانە ناتوانێت تەنانەت سەرۆکێک بۆخۆی هەڵبژێرێت، هەربۆیە یەکێتی ترسی هەیە هەڵبژاردن زۆر دوابکەوێت، دەنا ئەگەر دواخستنی پرۆسەکە بۆ مانگێک و دوو مانگ بێت دەکرێ رێککەوتنی لەبارەوە بکرێت و گرفتێکی زۆر گەورە نابێت."
لەبارەی بەشدارینەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستانیش کە تاوەکو ئێستا لیستی ناوی بەربژێرەکانی پێشکێشی کۆمیسیۆن نەکردووە ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت: "باشتروایە هەموو لایەنەکان بەشداریی هەڵبژاردن بکەن تاوەکو پرۆسەکە شەرعییەتی هەبێت، بەڵام ئەگەر پارتیش بەشداریی نەکات هەڵبژاردن دەکرێت و یەکێتی بەشدار دەبێت چونکە پێویستە هەرێمی کوردستان پەرلەمانێکی کارای هەبێت و پاساوەکانی پارتی بۆ بەشداریی نەکردن لە هەڵبژاردن واقیعی نین."
گوتیشی: پێگەی یەکێتی لەنێو جەماوەرەکەیدا جێگیرە و لەم هەڵبژاردنەدا رێژەی دەنگ و کورسییەکانمان زۆر زیاد دەکەن.
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، بڵێسە جەبار فەرمان باسی لەوەشکرد کە یەکێتی پێیوابوو یاسای هەڵبژاردنی کوردستان "نادادپەروەریی زۆر"ی تێدایە و ساڵانێکی زۆرە لەگەڵ هەمووارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنە، بەڵام یەکێتیی خوازیاربوو کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدات نەک کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق."
دەشڵێت، هەر لەپێناو ئەوەشدا کاتی خۆی یەکێتیی رازی بوو بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان تاوەکو ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت، یاسای هەڵبژاردن لە پەرلەمانی کوردستان هەموواربکرێتەوە و کۆمیسییۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی پرۆسەی هەڵبژاردن بکات.
"بەهۆی پەرتەوازەیی و ناکۆکیی کوردەوە دۆخەکە گەیشت بەوەی کۆمیسیۆنی عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دەدات" بڵێسە جەبار فەرمان وای گوت.
"کەرکووک جیاوازە"
لە بەشێکی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کاتێک نوێنەر فاتیح، پێشکێشکاری بەرنامەکە پرسیاری لێکرد لەبارەی رێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر بەربژێرێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک، بڵێسە جەبار فەرمان گوتی: ناتەبایی کورد بووە هۆی ئەوەی ساڵانێکە کەرکووک بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێت و ناکۆکیی ناوماڵی کورد چارەسەی پرسی کەرکووکی بۆ چەندین ساڵ دوورخستەوە.
گوتیشی: "یەکێتی مافی خۆیەتی پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەربگرێت و پێویستە کەرکووک جیابکرێتەوە لە کێشەکانی دیکەی پارتی و یەکێتی."
"پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان لەسەر بەربژێرێک بۆ پارێزگاری کەرکووک رێکبکەون تاوکو ئەو ماڵوێرانییەی بەسەر کورد هات لە کەرکووک کۆتایی بێت و دووبارە نەبێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ