رووداو دیجیتاڵ
لەنزیک دەروازەی سنووریی بازرگانی سەر بە پارێزگای ورمێ، دەست بەسەر زیاتر لە 24 هەزار حەب و دەرمانی قاچاخدا گیرا؛ فەرماندەی پاسەوانی سنووریی پارێزگاکە دەڵێت، بەهاکەیان دەگاتە زیاتر لە 170 هەزار دۆلار.
ئەمڕۆ یەکشەممە 18-05-2025، محەممەد ئەحمەدی، فەرماندەی پاسەوانی سنووریی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، تیمەکانیان لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی قاچاخی دەرمان، لە دەروازەی سنووریی بازرگانی سەر بە شاری ماکۆ دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر حەب و دەرمانی قاچاخدا گرتووە.
بەگوتەی محەممەد ئەحمەدی، لەدوای پشکنینی ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە نزیک دەروازە سنوورییەکە، زیاتر لە 24 هەزار حەبی جۆراوجۆر و 208 دەرزی لە نێو تایەی ئۆتۆمبێلەکە و چەند شوێنێکی دیکەیدا دۆزراونەتەوە.
فەرماندەی پاسەوانی سنووریی ورمێ ئاماژەی بەوەش کرد، بەهای ئەو دەرمانە قاچاخەی دەستی بەسەردا گیراوە زیاتر لە 14 ملیار تمەنە، کە دەکاتە 170 هەزار دۆلار.
وەک محەممەد ئەحمەدی ئاماژەی دا، دوو کەسیش پەیوەست بە دۆسیەکە دەستگیرکراون و رادەستی دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە کراون.
دەروازەی سنووریی بازرگان دەکەوێتە شارۆچکەی بازرگانی سەر بە ماکۆی پارێزگای ورمێ کە یەکێک لە دەروازە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە لەگەڵ باکووری کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ