رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد، هۆشداریی دەدرێت ئەو ژیرییە نوێیەی جیهانی داپۆشیوە، کاریگەریی خراپ و مەترسیی لەسەر ئایندەی زمانی کوردی و پرۆسەی خوێندن و توانا و ئاستی زانستیی خوێندکاران دروستبکات، بەتایبەت لە کورتکردنەوەی رێگەی گەڕان بەدوای سەرچاوەکان و پێدانی زانیاریی ئامادەکراو لەبری ئامادەکردنی زانیاری.
جەعفەر شێخولئیسلامی، پڕۆفیسۆر و مامۆستای زانکۆ لە کەنەدا و یەکێک لە لێکۆڵینڤانە دیارەکانی بواری زمان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ باسی دۆخی زمانی کوردی بەگشتی و کاریگەریی ژیریی دەستکرد لەسەر زمانی کوردی کرد و گوتی، "زمانی کوردی لە باشووری کوردستان پارێزراوترە بەراورد بە پارچەکانی دیکەی کوردستان، بەوپێیەی لە باشووری کوردستان زمانی فەرمییە و بە فەرمی ناساندنیشی لە دەستووری عێراق بۆ زمانی کوردی قۆناخێکی زۆر گرنگ بوو".
ژیریی دەستکرد و ئایندەی زمانی کوردی
شێخولئیسلامی پێیوایە کولتوور لە زماندا دژی و دەڵێت: "هەرکات زمانێک لەنێوبچێت، کولتووریش لەگەڵیدا لەنێودەچێت، چونکە کولتووری هەر نەتەوەیەک وابەستەی زمانەکەیەتی و بە هەر هۆکارێک زمانێک لاوازببێت یان لەنێوبچێت راستەوخۆ کولتووری ئەو نەتەوەیەش لەنێودەچێت."
باسی لەوەش کرد، "گوگڵ و ژیریی دەستکرد زۆرباش دەستیان بە دەقە کوردییەکان دەگات، بەهێزکردنی زمانی کوردی لە جیهانی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد ئێستا پێویستییەکی حەتمییە، بەوپێیەی راستە ژیریی دەستکرد تاوەکو رادەیەک نوێیە، بەڵام زمانی کوردی بەراورد بە زمانەکانی دیکەی دەوروبەری کوردستان وەکو فارسی و عەرەبی و تورکی لەو سیستمە جیهانییەدا لاوازە و هۆکاری لاوازییەکەش تاوەکو ئێستا کەمیی ئەو داتا و زانیارییانەیە کە بە زمانی کوردی بڵاودەکرێنەوە، لەکاتێکدا بە سروشتی خۆی ژیریی دەستکرد پشت بەو زانیارییانە دەبەستێت کە بڵاوکراونەتەوە".
پرۆفیسۆر جەعفەر شێخولئیسلامی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا گوتی، "هەموو قۆناخێک کاریگەریی خۆی لەسەر زمان دەبێت لە ناوچە جیاوازەکان جا کاریگەریی ئەرێنی یان نەرێنی، قۆناخی ئێستا کە قۆناخی زانیاری و تەکنەلۆژیایە بە هەمانشێوە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەموو زمانەکانی جیهان دەبێت و هەر نەتەوەیەک بتوانێت زمانی خۆی لە سیستمی تەکنەلۆژیا پەرەپێبدات ئەوا زمانەکەی بەهێز دەبێت و بەپێچەوانەشەوە".
"ئەرکی زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانە، هەرچی زیاترە بڵاوکردنەوە بە زمانی کوردی پەرەپێبدەن تاوەکو زمانی کوردی لە کاروانی تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنەکانی دنیای دیجیتاڵی دانەبڕێت، تەنانەت پێویستە ئەو دەق و دەستنووس و بەڵگانەش کە لە دێر زەمانەوە لەسەر زمانی کوردی کۆکراونەتەوە بەشێوەیەکی رێکخراو و پلان بۆ داڕێژراو بە دنیای ئینتەرنێت و گۆگڵ و ژیریی دەستکرد ئاشنا بکرێن". ئەمەش بەشێکی دیکە بوو لە گوتەکانی جەعفەر شێخولئیسلامی کە بۆ بەشداری لە یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لەبارەی پەروەردە، تواناسای و کارسازی سەردانی هەولێری کردبوو.
بەپێی ئینسکلۆپیدیای نیشتمانیی سوێدی بۆ ریزبەندی زمانە جیهانییەکان، لە جیهاندا 100 زمان زۆرترین خەڵک قسەیان پێدەکەن کە زمانی کوردی لە ریزبەندی 59ـیەمین زمانی جیهاندایە و 21 ملیۆن کەس بەکاریدەهێنن، دەکاتە 0.31%ـی دانیشتووانی جیهان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ