رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوای کردنەوەی رێڕەوە کۆڵبەرییە رێگەپێدراوەکان دەکەن و بەشێک لە هاونیشتمانییان دەڵێن، قاچاخی سەرەکی لە رێگەی دەروازە و بەندەرە فەرمییەکانەوە دەکرێت، بەڵام بەو بیانووە سەرچاوەی داهاتی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان بڕاوە.
باسی گەرمی نێوان دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکانی مەریوان بێکارییە. بوونیان لەسەر سنوور دەیتوانی زۆر دەرفەتی کاریان بۆ بڕەخسێنێت، بەڵام وانەبووە.
پێشتر حکومەت بە پێدانی کارتی کۆڵبەری، رێگەی دەدا خەڵکی ناوچە سنوورییەکان بە کۆڵبەری کۆمەڵێک کەلوپەلی رێگەپێدراو هاوردە بکەن؛ لە 2017ـەوە ئەو رێڕەوە کۆڵبەرییانەی داخستووە و کارتێکی دیکەی پێداون بۆ هاوردەکردنی کەلوپەل لە دەروازە فەرمییەکانەوە، بەڵام هاونیشتمانییان دەڵێن، ئەو کارتە قازانجی بۆ بازرگانانە و خاوەن کارتەکان مانگانە ئەوپەڕی 400 هەزار تمەنیان دەستدەکەوێت کە ناکاتە 10 دۆلاریش.
بەرپرسانی کرماشان مانگی رابردوو رایانگەیاند، رێڕەوە کۆڵبەرییە رێگەپێدراوەکان دەکەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە پارێزگاکانی ورمێ و سنە هیچ لەو بارەوە رانەگەیێندراوە. هاونیشتمانییان داوا دەکەن، ئەو رێڕەوانە بکرێنەوە بۆ ئەوەی چیدیکە خەڵک ناچار نەبن بۆ دابینکردنی نان گیانیان بخەنە مەترسییەوە.
بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئامار، لە بەهاری ئەمساڵدا رێژەی بێکاری لە پارێزگای سنە 10.4٪ بووە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی مەیدانی و قسەی هاونیشتمانییان، رێژەی بێکاری بە تایبەت لە ناوچە سنوورییەکان زۆر زیاترە لەو رێژەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ