تەرازووی پێداچوونەوەی دوو مانگ دەدرێتە بەغدا و لیستی مووچەی مانگی 7 ئامادە دەکرێت

18-07-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەفتەی داهاتوو تەرازووی پێداچوونەوە (خەرجی و داهات) بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیران ئامادە دەکرێت و لەگەڵ داهاتی نانەوتی هەردوو مانگەکە کە 240 ملیار دینارە، رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵی عێراق دەکرێت. لیستی مووچەی مانگی تەممووزیش تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە ئامادە دەکرێت.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە سەرچاوەیەکی ئاگاداری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستی کەوتوون، تاوەکو 20ی تەممووزی 2025، تەرازووی پێداچوونەوەی مانگەکانی ئایار و حوزەیران ئامادە دەبێت و دەنێردرێت بۆ بەغدا، بۆ ئەوەی لە بەرامبەردا وەزارەتی دارایی فیدراڵی مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
 
17ی تەممووز، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدای پەسەند کرد، کە تایبەت بوو بە هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتی نانەوتی.
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، دوای ئەوەی کۆمپانیای سۆمۆ 230 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە بەندەری جەیهان وەردەگرێت، وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەست بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایار دەکات.
 
سەرچاوەکەی رووداو رایگەیاند، بڕیارە دوای ئامادەکردنی تەرازووی پێداچوونەوەی دوو مانگەکە (خەرجی و داهات)، بڕی 240 ملیار دینار رادەستی بەغدا بکرێت وەک داهاتی مانگەکانی ئایار و حوزەیران، بە مەبەستی ناردنی مووچەی هەردوو مانگەکە.
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی (120) ملیار دینار وەک گوژمەی یەکەمی خەمڵێنراو لە پشکی گەنجینەی گشتیی دەوڵەت لە داهاتە نانەوتییەکانی مانگی ئایار، رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بکات.
 
ئەوەی پەیوەندیدارە بە مووچەی مانگی تەممووز، سەرچاوەکەی رووداو رایگەیاند، بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو، ئەو لیستە ئامادە بکرێت بۆ ناردنی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی.
 
لە رێککەوتنەکەدا هاتووە کە تیمێکی کاری هاوبەش لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنرێت، بە مەبەستی پۆلێنکردن و وردبینیکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دیاریکردنی پشکی حکومەتی فیدراڵی لەو داهاتانە، لە مانگی ئایارەوە.
 
سەرچاوەکەی رووداو گوتی، "ئەو 120 ملیار دینارەی دیاریکراوە بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیرانە، ئەگەری هەیە لەدوای تەواوبوونی کاری ئەو لیژنە هاوبەشە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت و بەگوێرەی ئەنجامی کاری لیژنەکە، پشکی گەنجینەی حکومەتی فیدراڵی دیاری دەکرێت."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە