گوتەبێژی دەروازەی حاجی ئۆمەران: لە دوو خولەکدا کاروباری هاتنی 55 زیارەتکاری کەربەلا راییدەکەین

18-08-2023
پەیمان محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران دەڵێت، بۆ سەردانیکردنی زیارەتکارانی ئێرانیی چلەی ئیمام حوسێن، توانای راییکردنی کاروباری 55 کەسیان لە دوو خولەکدا هەیە. دەشڵێت، لە هەفتەی داهاتووەوە، قەرەباڵخییەکی زۆر لە دەروازە سنوورییەکە دروست دەبێت.
 
ئەمڕۆ هەینی، 18-08-2023، سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە ئەندام جەبار، پەیامنێری تۆڕی مدیایی رووداوی گوت، سەرجەم خزمەتگوزاری و شوێنی حەوانەوەیان بۆ زیارەتکارانی ئێرانی دابین کردووە، کە بڕیارە بۆ چلەی ئیمام حوسێن لە رێگەی دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران و باشماخەوە بەرەو کەربەلا و شارە پیرۆزەکانی عێراق بڕۆن.
 
دوای ئەوەی رێگەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەلامەتتر دانرا، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ لە رێگەی دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و باشماخەوە بەتایبەت حاجی ئۆمەران 500 هەزار زیارەتکار سەردانی کەربەلا بکەن بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن. 

 

 
 
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە زیارەتکاران کردووە و کۆمیتەیەکی 12 کەسی پێکهێناوە بۆ ئەوەی لەوبارەوە هەموو ئامادەکارییەک بکرێت. ئەو کۆمیتەیە نزیکەی 12 لیژنەی پێکهێناوە بۆ ئەوەی بە رێکوپێکی پێشوازی لە زیارەتکاران بکرێت و رێنماییان پێ بدرێت و هەر پرسیارێکیان هەبوو، هاوکاری بکرێن.
 
لە ماوەی رابردوودا وەزارەتی ناوخۆ و سەرپەرشتیارانی دەروازە سنوورییەکانی باشماخ و حاجی ئۆمەران چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبووە، سیروان حوسێن گوتی، ''بەپێی هەڵسەنگاندنی ئەوان، ئەمڕۆ وەک یەکەم رۆژی دەستپێکردنی پرۆسەی هاتنی گەشتیارانی چلەی ئیمام حوسێن دیاریکراوە.''
 
گوتەبێژی دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران ئەوەشی خستەڕوو، لەو خاڵە سنوورییەدا زیاتر لە 55 کۆمپیوتەری پاسپۆرت هەیە کە لە ماوەی کەمتر لە دوو خولەکدا، کاروباری 55 زیارەتکار راییدەکرێت و دەتوانن گەشتەکەیان بۆ نێو هەرێمی کوردستان و عێراق دەستپێبکەن.
 
چلەی ئیمام حوسێن دەکەوێتە رۆژی 6ـی مانگی داهاتوو، سیروان حوسێن دەڵێت، لە هەفتەی داهاتووەوە هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی زیاتر دەبێت.
 
لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران 24 کاژێر پێشوازی لە هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی دەکرێت و لە رێگەی هەزار و 500 پاسەوە دەگوازرێنەوە بۆ پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەوێشەوە رەوانەی عێراق دەکرێن.
 
رێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن هەموو ساڵێک لە 20ـی مانگی سەفەر لە عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە بەڕێوەدەچێت؛ سەدان هەزار لە باوەڕدارانی شیعە سەردانی مەزارگەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا دەکەن و بە چەندین شێواز ماتەمینی دەگێڕن.
 
ئیمام حوسێن، کچەزای پێغەمبەر محەممەد، پێغەمبەری ئیسلام (دروودی خودای لەسەر بێت) لە شاری کەربەلا، لەگەڵ خێزان و دەیان لە کەسوکار و لایەنگرانی لە ساڵی 680ـی زایینی و لەسەر دەستی لایەنگرانی یەزیدی کوڕی مەعاوییە، خەلیفەی ئەمەوییەکان کوژرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.