رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بڕیاریدا ژماردنى دەنگەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بە شێوەى ئەلیکترۆنى بێت و 20ى ئەیلوولى وەکو دوا وادە دیاریکرد بۆ نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران.
18ى ئەیلوولى 2023 جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەنجوومەنى کۆمیسیاران سیستمى دەنگدان و جیاکردنەوە و ژماردنى دەنگەکانى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پەسند کردووە و گوتیشى، "ژماردنى دەنگەکان بە شێوەى ئەلیکترۆنى دەبێت، هاوشێوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق."
بڕیارە لە 25ى شوباتى 2024 هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکرێت و بەهۆى کارانەبوونى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستان و کۆتاییهاتنى وادەى پەرلەمانى کوردستان کە دەسەڵاتى کاراکردنەکەى هەیە، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق سەرپەرشتی دەکات.
گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق گوتى، "ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بڕیاریداوە 20ى ئەیلوول دوا وادە بێت بۆ نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران لە هەرێمى کوردستان بۆ ئەو هەڵبژاردنە و تاوەکو ئێستا هیچ بڕیار و ئاماژەیەک نییە بۆ درێژکردنەوەى وادەکە."
بەگوێرەى ئامارەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان، تاوەکو 16ى ئەیلوول، 277 هەزار و 24 دەنگدەرى نوێ لە هەرێمى کوردستان تۆمار کراون کە ناویان لە ناوەندەکانى دەنگدان نوێ کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ