رووداو دیجیتاڵ
وادەی خۆتۆمارکردن بۆ ناونووسین بۆ بەجێهێنانی حەجی ئەم ساڵ درێژکرایەوە. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە دەڵێت، درێژکردنەوەکە بۆ رەخساندنی دەرفەتی زیاترە بە هاونیشتمانیان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ی ئەیلوولی 2025، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆ رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ناوی خۆیان تۆمار بکەن، ماوەی ناونووسینی حاجیان بۆ 26ی ئەیلوول درێژکرایەوە و کاژێر 12:00ی شەوی 26 لەسەر 27، دەرگای ناونووسین دادەخرێت."
کاروان ستوونی گوتی، "زیاتر لە 70 هەزار کەس لە رێگەی فۆرمی ئەلیکترۆنییەوە داوایان کردووە ساڵی داهاتوو بچنە حەج".
ئەم ساڵ بۆ یەکەم جار، ناونووسین بۆ حەج کرایە ئەلیکترۆنی، پێشتر لەڕێگەی فۆرمی دەستییەوە دەکرا و هەرکەسێکیش دەبوو 25 هەزار دینار رسومات بدات.
رۆژی 25-09-2024، تیروپشک بۆ ئەو ناوانە کرا کە ساڵی 2017 و 2023 ناوی خۆیان تۆمار کردبوو بۆ چوونە حەجی ساڵی 2025 و لەو ژمارەیە کە زیاتر بوون لە 120 هەزار هاونیشتمانی، 5 هەزار و 120 کەس ناویان دەرچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ