جێنین پلاسخارت هۆکاری ئاڵۆزییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر ئاشکرا دەکات

18-10-2023
رووداو @Rudawkurdish
بەشداریی جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە بەرنامەی بێستوون تۆک
بەشداریی جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە بەرنامەی بێستوون تۆک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پرۆگرامی ئەمجارەی بێستوون تۆک بەراورد بە پرۆگرامەکانی رابردووی تەواو جیاواز بوو؛ میوانەکەی بیانی و ژنیش بوو، ئەویش جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بوو.
 
یەکێک لەو پرسانەی سەرنجی هەمووانی راکێشا، زەنگە مەترسیدارەکەی پلاسخارت بوو لەبارەی قەوارەی هەرێمی کوردستان، کە لەوبارەیەوە گوتی، "کاتێک یەکەمجار ئەو بابەتەم وروژاند، بەڕاستی نیگەران بووم، لەبەرئەوەی ئەو رۆژە دەمتوانی کاریگەرییەکانی شەڕی سیاسی ببینم لەسەر هەرێمی کوردستان. هەموومان مێژووی هەرێمی کوردستان دەزانین. هەموومان دەزانین قۆناخێک هەبوو کە لێکتێنەگەیشتنی زۆر تووندی تێدا بوو. زۆر ئاساییە لایەنە سیاسییەکان لەسەر هەموو شتێک رێکنەکەون، بەڵام ئەگەر دەتانەوێت خزمەتی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بکەن، پێویستە یەکگرتوو بن و پێکەوە کار بکەن. زۆر روونە ساڵی 2021 ئەم یەکگرتووییە نەبوو. راستیت دەوێت ئێستاش دۆخەکە زۆر لەو کاتە باشتر نییە."
 
پرۆگرامەکە بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر خوێندکاری زانکۆ لە سۆران بەڕێوەچوو. خوێندکارەکان پرسیاری جیاوازیان لە کەسی یەکەمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد، لەوانەش کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
 
نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمڕۆ لە ساڵی 2023دا، دوای 18 ساڵ، دەتوانم بڵێم کە داڕشتنی بنچینەکانی سیستمی فیدراڵی، کە ئەوکات بڕیاریان لەبارەوە درابوو، هێشتا دروست نەبوون. تێپەڕینی 18 ساڵ بێ هەبوونی رێککەوتنێکی کۆنکرێتی، شتێکی باش نییە، نەک تەنیا لەسەر بابەتی بودجە، بەڵکو لەسەر ناوچە جێناکۆکەکان و بابەتی دیکەی وەکو سەرچاوە سرووشتییەکان و زۆر بابەتی دیکەش کە دەتوانم وەکو نموونە باسیان بکەم. لەبەر ئەوە، ئەمانە هۆکاری گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان بەغدا و هەولێرن."
 
لە بەشێکی دیکەی پرۆگرامەکەدا پلاسخارت باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی کرد کە تائێستا مووچەی مانگەکانی 8 و 9یان وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا حکومەتی عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 دەکات. 
 
پلاسخارت، لەوبارەیەوە گوتی، "بێگومان ئەوەی کە روودەدات رەوا نییە دەرحەق بە خەڵکی کوردستان. ئەگەر تەماشا بکەیت، دەرحەق بە هیچ کەسێک رەوا نییە مووچەی پێ نەدرێت، لە کاتێکدا کە ئەویش چاوەڕێی ئەوەیە داهاتی خۆی هەبێت و ژیانێکی شایستە بژی. ئەوە مافی هەموو کەسێکە. ئەگەر تەماشای دوایین رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر بکەیت لەسەر بودجە، گوێت لە هەندێک کەس دەبێت کە بە دەستکەوتێکی گەورەی لە قەڵەم دەدەن. گوێت لە هەندێک کەسی دیکەش دەبێت کە ئەسڵەن بە دەسکەوتی نازانن. بەڵام وابزانم راستییەکە ئەمەیە کە ئەم رێککەوتنە باشترین بژاردە بوو وەک چارەسەرێکی کاتی."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە