بافڵ تاڵەبانی: ئەوەی ئێمە دەیکەین ئایندەی عێراق دەگۆڕێت

18-10-2025
مالیک محەممەد
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بانگەشەی حیزبەکەی لە سلێمانی گوتی، عێراقی بەهێز و یەکڕیزیان دەوێت، "عێراق هی هەموومانە." بەو دەنگدەرانەی عێراقیشی گوت کە بڕیاریانداوە بەشداری لە دەنگدان نەکەن، "بۆ نایەن دەنگ بە یەکێتی بدەن، یەکێتی هەرگیز ئازاری عێراقییەکانی نەداوە."

لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی رووی لە جەماوەری حیزبەکەی کرد و رایگەیاند، "مافی ئێوە لە بەغدایە، ئەوەی کە ئێمە دەیکەین ئایندەی هەموو عێراق دەگۆڕێت، ئامانجی ئێمەش خزمەتی خەڵکی کوردستان و عێراقە."
 
سەرۆکی یەکێتی ئامانجی سەرەکی حیزبەکەی بە "خزمەتکردن" ناوبرد و گوتی، "یەک ئامانجمان هەیە ئەویش خزمەتە، حکومەت دەبێت خزمەتی خەڵک بکات."، هەروەها رەخنەی لە نەبوونی خزمەتگوزارییەکان گرت و باسی لەوە کرد، "هەلی کار نییە و کارەبا وەک پێویست نییە و وەکو پێویست خزمەتی کەمئەندامان ناکرێت".
 
بافڵ تاڵەبانی جەختی لەسەر پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە کەرکووک کردەوە و باسی لەوە کرد: لەو شارە "پێش کورد خزمەتی لایەنەکانی دیکە دەکەین." بەو دەنگدەرانەی عێراقیشی گوت کە بڕیاریانداوە بەشداری لە دەنگدان نەکەن، "بۆ نایەن دەنگ بە یەکێتی بدەن، یەکێتی هەرگیز ئازاری عێراقییەکانی نەداوە".
 
سەرۆکی یەکێتی دووپاتی کردەوە، "عێراقی بەهێز و یەکڕیزمان دەوێت، عێراق هی هەموومانە؛ پڕۆژەمان بۆ دژی گەندەڵی هەیە لە عێراق، بۆ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، ئێمە واقعییانە بیر دەکەینەوە."
 
بافڵ تاڵەبانی رووی لە بەربژێرەکانی حیزبەکەی کرد و بە جەماوەرەکەی راگەیاند، "ئەمانە نوێنەری کوردستان و عێراقن، ئیشی ئێوە ئەوەیە لە بەغدا خزمەتی کوردستان و عێراق بکەن، خزمەتی گەنج، ژن، کەمئەندام، ماڵە شەهید و زیندانە سیاسییەکان بکەن."
 
بە بەربژێرەکانیشی گوت، "لێتان قبووڵ ناکەم ئەگەر لە بەغدا ئەملاولا بۆ خۆتان بکەن."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە