رووداو دیجیتاڵ
کورد و عەرەب ئەو دوو پێکهاتەیەن لە کەرکووک هەمیشە رکابەری لەسەر بردنەوەی زۆرترین کورسییەکانی پارێزگاکە دەکەن، کە کۆی گشتیی کورسییەکانی 13 کورسییە.
پارتی، یەکێتی و تەقەدووم، سێ بەهێزترین رکابەری کورسییەکانی کەرکووکن و نوێنەرایەتیی پێکهاتەکانی عەرەب و کوردی پارێزگاکە دەکەن؛ هەریەکە بە 24 بەربژێر بەشدارییان لەم هەڵبژاردنەدا کردووە و دەیانەوێت زۆرترین کورسی بەدەستبهێنن.
گوتەبێژی تەقەدووم دەڵێت، ئاواتەخوازن ئامادەییەکی کاریگەریان لەم هەڵبژاردنەدا هەبێت، بۆ ئەوەی نوێنەرەکانیان "نیگەرانییەکانی خەڵکی کەرکووک بڕەوێننەوە و بەرگری لە مافەکانیان بکەن."، دەشڵێت، "تەقەدووم مامەڵە بە پەیوەندییەکی باش و رێزگرتنی دوولایەنە لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییە کوردستانییەکان دەکات."
جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی ئامادەیی حیزبەکەی بۆ کارکردن لەدوای هەڵبژاردن لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکەی کەرکووک دەربڕی، "بەو مەرجەی خزمەت بە کەرکووک و خەڵکەکەی بکات."، ئاماژە بەوەش دەکات، "دەنگی کورد لەم هەڵبژاردنە بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، لەکاتێکدا عەرەبەکانیش بە لێشاو دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان."
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی لە کەرکووک دەڵێت، دەنگدەرانی کورد دەتوانن بە دەنگەکانیان "زۆر شت بگۆڕن."
تەقەدووم: دوای هەڵبژاردن مامەڵە لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییە کوردستانییەکان دەکەین
محەممەد جبووری، گوتەبێژی پارتی تەقەدووم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پارێزگای کەرکووک نموونەی فرەیی و پێکەوەژیانە، ئێمە ئاواتەخوازین ئامادەییەکی کاریگەرمان هەبێت بە ژمارەیەک کورسی کە نوێنەرەکانمان بتوانن نیگەرانییەکانی خەڵکی کەرکووک بگوازنەوە و بەرگری لە مافەکانیان بکەن لە چوارچێوەیەکی نیشتمانیی یەکگرتوودا." هەروەها دەشڵێت، "دوور لە پلەبەندی و بیرکردنەوەی تەسک، کار بۆ نوێنەرایەتییەکی راستەقینە دەکەین کە گوزارشت لە هەموو پێکهاتەکانی پارێزگاکە بکات."
گوتەبێژەکەی تەقەدووم دەڵێت، کار دەکەن بۆ باشترکردنی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، پشتگیریکردنی هەلی کار بۆ گەنجان و دڵنیاییدان لە بەڕێوەبردنی دادپەروەرانەی سامانەکان بەشێوەیەک کە سوودی بۆ هەموو خەڵکی کەرکووک هەبێت بەبێ جیاوازی."
لەبارەی ئەوەی دوای هەڵبژاردن لەگەڵ کام لە لایەنە کوردییەکاندا کار دەکەن، محەممەد جبووری ئاماژەی بەوە کرد، "تەقەدووم مامەڵە بە پەیوەندییەکی باش و رێزگرتنی دوولایەنە لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییە کوردستانییەکان دەکات؛ ئێمە باوەڕمان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن هەیە، نەک جەمسەرگیری."
پارتی: هەرلایەنێک خزمەت بە کەرکووک و کەرکووکییەکان بکات پشتگیری دەکەین
دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، باوەڕیان بە خەڵکی کەرکووک هەیە کە دەنگیان پێبدات و گوتی، "دەنگی کورد لەم هەڵبژاردنە بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، لەکاتێکدا عەرەبەکانیش بە لێشاو دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ دەدەن."
دیاری حوسێن پێشبینیش دەکات پارتی بتوانێت "سێ کورسی" لە کەرکووک بەدەستبهێنێت.
سەبارەت بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە دیاری حوسێن گوتی، "هەرکەسێک بیەوێت خزمەت بە کەرکووک و کەرکووکییەکان بکات پشتگیری دەکەین و کاری لەگەڵ دەکەین."
جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دڵنیاییش دەدات و دەڵێت، "لە ئێستا و داهاتووشدا، هەرکەس و لایەنێک دژایەتی مادەی 140 بکات و نیازی تەعریبی هەبێت، لە دژی دەوەستینەوە و رێگریی لێدەکەین."
یەکێتی: دەنگدەرانمان دەتوانن بە دەنگەکانیان زۆر شت بگۆڕن
شێرزاد سەمەد، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هیوادارن دەنگدەرانی کورد لە کەرکووک سوود لەم دەرفەتە ببینن؛ "چونکە دەتوانن بە دەنگەکانیان زۆر شت بگۆڕن و ئێمەش هەوڵی تەواوی خۆمان دەدەین کە دەنگدەرانمان لە رۆژی دەنگداندا بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان."
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی لە کەرکووک گوتی، "دەکرێت دوای هەڵبژاردن لەگەڵ هەر لایەنێکدا هاودەنگ و هاوکاربین، بەو مەرجەی کە خزمەت بە کەرکووک و کەرکووکییەکان بکات و باوەڕی بە جێبەجێ کردنی مادەی 140 هەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ