رووداو دیجیتاڵ
پەیمانگای نەوتی کەرکووک، کە ساڵانە سەدان قوتابی کورد تێیدا دەردەچن و دەبووایە راستەوخۆ لە کۆمپانیای نەوتی باکوور دابمەزرێن، رووبەڕووی بڕیارێکی نوێ بووەتەوە کە هیچ پۆستێکیان پێنادرێت. هاوکات، کورد لەنێو کۆمپانیاکەشدا، لە گۆڕانکارییە نوێیەکاندا بەشێکی زۆر کەمی بەرکەوتووە و دەسەڵاتەکانیشی سنووردار کراون.
پەیمانگای نەوتی کەرکووک، دامەزراوەیەکی گرنگە بۆ پێگەیاندنی کارمەندانی کەرتی نەوت لە عێراقدا. ساڵانە زیاتر لە 200 قوتابی لەم پەیمانگایە دەردەچن، کە زۆربەیان کوردن و دەبووایە راستەوخۆ لە کۆمپانیای نەوتی باکوور دابمەزرێن، بەڵام بڕیارێکی نوێ رێگری لە پێدانی پۆست بە دەرچووانی ئەم پەیمانگایە دەکات.
حەیدەر عومەر، راگری پەیمانگای نەوت لە کەرکووک بە رووداوی راگەیاند: "پەیمانگاکەمان لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بۆ ناوچەکانی باکووری عێراق، واتا کەرکووک، نەینەوا و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە. ئەو قوتابییانەی بە بڕوانامەی دبلۆم لە پەیمانگاکە دەردەچن، راستەوخۆ لە کۆمپانیا نەوتییەکان دادەمەزرێن، بەڵام بەپێی رێنماییەکان، هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم بۆی نییە پۆست وەربگرێت."
سەبارەت بە رەوشی کورد لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، بەشێوەیەکی گشتی هیچ دەسەڵاتێکی کارگێڕی و کارکردنی نییە. لەدوای گۆڕانکارییە نوێیەکانی نێو کۆمپانیاکەدا، لە کۆی 40 پۆست، 23 پۆست بە عەرەب، 14 پۆست بە تورکمان و دوو پۆست بە کریستیان دراوە، لەکاتێکدا تەنیا یەک پۆست بە کورد دراوە.
یوسف شوانی، کارمەندی پێشووی کۆمپانیای نەوتی باکوور، ئەم دۆخە بە فەرامۆشکردنی کورد ناودەبات و دەڵێت: "ئێمە ئێستا باسی کەمیی رێژەی کورد دەکەین، بەڵام ئەو کوردانەی لە کۆمپانیاشن فەرامۆش کراون، بەجۆرێک کوردێک لە شوێنێک پۆستی هەبێت دژایەتی دەکرێت. لە دوایین گۆڕانکاریدا لە کۆی 40 پۆست، تەنیا یەک پۆست بە کورد دراوە کە تا ئێستاش نازانرێت دەسەڵاتەکانی چییە."
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کاردانەوەی تووندی هەبووە و رایگەیاندووە، لە دەستەی دەستپاکیدا سکاڵای لەسەر بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور تۆمارکردووە و دەڵێت: "ناهێڵین ئەم کارەی بۆ بچێتەسەر."
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت: "خۆم بە تەلەفۆن لەگەڵ بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوت قسەم کرد و گوتی، دکتۆر و فەرمان دەکەی و چاکی دەکەمەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچی نەکردووە. لە کوێ کوردێک هەبووبێت، دەستکاری پۆست و دەسەڵاتەکانی کردووە و لە کۆی 40 پۆستدا تەنیا یەک کوردی داناوە. بەردەوام لە هەموو پۆستەکاندا گۆڕانکاری دەکات بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ کورد. ئێمە بە راستی ئەمەی لێ قبووڵ ناکەین و سکاڵای لەسەر دەکەین."
کۆمپانیای نەوتی باکوور بە بیانووی ئەوەی کۆمپانیایەکی فیدراڵییە، رێگا نادات ئیدارە و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک چاودێری بکەن و بڕیارەکانی بەپێی ویستی خۆی جێبەجێ دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ