رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرى راگەیاندنى نووسینگەى کەرکووکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت بەشداریى لە دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە کەرکووک، بگاتە زیاتر لە 50%.
رۆژی 18ى کانوونى یەکەمى 2023، عەبدولباست دەروێش، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداى راگەیاند، تاوەکو نیوەڕۆ رێژەى بەشداریى دەنگدەرانى کەرکووک لە دەنگدانى گشتى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق گەیشتە 33% و پێشبینی دەکرێت تێکڕاى رێژەى بەشداریى دەنگدەران بگاتە زیاتر لە 50%.
عەبدولباست دەروێش گوتیشى، "پاشنیوەرۆى ئەمڕۆ چوونی دەنگدەران بۆ بنکەکانی دەنگدان لە کەرکووک بەراورد بە پێش نیوەڕۆ زیاتر بووە".
813 هەزار و 590 کەس لە کەرکووک مافى بەشداریکردنیان لە دەنگدانى گشتى ئەو پارێزگایە هەیە بۆ دیاریکردنى 16 کورسى ئەنجوومەنى پارێزگای شارەکە کە یەکەمجارە لە دواى 18 ساڵ ئەو هەڵبژاردنە لەو پارێزگایەدا بکرێت.
بەگوێرەى ئامارى فەرمى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، تاوەکو کاژێر 12:00 رێژەی بەشداریی لە پرۆسەی دەنگدان لە کەرکووک لە 32% و لە پارێزگای ئەنباریش 27% بووە.
رۆژی دووشەممە 18-12-2023، لە کاژێر 07:00ـی بەیانییەوە ناوەندەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى گشتیی ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بە رووی دەنگدەراندا کرانەوە. زیاتر لە 15 ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ