فەهمی بورهان: دەبێت کەرکووک لە لایەن خەڵکی رەسەنی خۆیەوە بەڕێوە ببردرێت

18-12-2023
پەیمان محەممەد
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئامانج لە دەنگدان، گەڕاندنەوەی کەرکووکە بۆسەر کوردستان؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە ''دەبێت بەڕێوەبردنی کەرکووک بکەوێتەوە دەست خەڵکی راستەقینەی."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 18-12-2023، لە کاژێر 07:00ـى بەیانییەوە ناوەندەکانی دەنگدان بەڕووی هەڵبژاردنى گشتیی ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق کرانەوە. لەم هەڵبژاردنەدا زیاتر لە 15 ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەیە بۆ دیاریکردنى 285 ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لەنێو نزیکەى شەش هەزار بەربژێردا.
 
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە هیوا حوسامەدین، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە کەرکووک گوت، هاونیشتمانییان بە هەستی نیشتمانی و نەتەوەییەوە دێنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و گوتی، ''ئەمڕۆ بەدوای نەخشەی دزراوی کوردستاندا گەڕاین، دۆزیمانەوە و و دەنگمان بە نەخشەکە دا. ئەم نەخشەیە [کەرکووک] دزراوە و دەبێ بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەکەی خۆی."
 
وەکو فەهمی بورهان دەڵێت، ئامانجی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن تەنیا دیاریکردنی پارێزگار لەلایەن کوردەوە نییە، ''بەڵکو ئامانج گەڕانەوەی کەرکووکە بۆسەر کوردستان. هاتووین ئەم نەخشەیە تەواو بکەین. پشتیوان بە خودا ئەم رووبەری ستەمەی بۆ دانیشتووانی راستەقینەی شارەکە هەیە کەم دەبێتەوە."
 
لەدوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017  گۆڕانکاری زۆر بەسەر دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستاندا هاتووە. کورد لە کەرکووک دەڵێن، کورد لەو ناوچانە بە تەواوی گۆشەگیر کراون و ستەمیان لێ دەکرێت. سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەوەی کە هەیە ''ئەو تەعریبە نوێیەیە کە لە کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان دەبینرێن.''
 
فەهمی بورهان گوتی، کورد بە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەبێتە بەشێک لە بڕیاردەری سیاسی و کارگێڕیی شارەکە کە ئێستا هیچ بڕیارێکی بەدەستەوە نەماوە، بەڵکو کەسانێک تێیدا کاربەدەستن کە خەڵکی رەسەنی کەرکووک نین و گوتی، "بێگومان بەشداربوون لە هەڵبژاردنەکە زۆرێک لەم کێشانە چارەسەر دەکات."
 
یەکەمجارە لەدواى ساڵى 2013، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە 14 پارێزگاى عێراق بکرێت؛ یەکەمجاریشە لەدواى ساڵى 2005 هەمان هەڵبژاردن لە کەرکووک دەکرێت.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە 15 کورسی و کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە، کورد تێیدا بە پێنج لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردن دەکات؛ یەکێتی و حیزبی شیوعی کوردستان بە هاوپەیمانیی "کەرکووک هێز و ئیرادەمانە" بە ژمارە 142؛ پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 197؛ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری بە هاوپەیمانیی مەشخەڵی کەرکووک بە لیستی ژمارە 163؛ پارتی سوسیالیست دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 202 و جووڵانەی نەوەی نوێ بە لیستی ژمارە 167 بەشدارن. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.