رووداو دیجیتاڵ
لە کەرکووک بە بۆمبی دەستی هێرشکرایە سەر نووسینگەی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، کاژێر 7:25ی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 19-01-2022 بە بۆمب هێرشکرایە سەر نووسینگەکەم لە نزیک فولکەی ئیخوان لە گەڕەکی رەحیماوای کەرکووک، بەڵام هیچ زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی بە باڵەخانەکە گەیشتووە.
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "هێزە ئەمنیەکان چوونەتە شوێنەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە".
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 13-1-2022، لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەغدا رووبەڕووی هێرشێک بووەوە و چەند کەسێکی نەناسراو بۆمبێکیان فڕێدایە نێو بارەگاکە. ئێوارەی هەمان رۆژ چەند مووشەکێک لە ناوچەی دۆرەی بەغداوە ئاراستەی ناوچەی سەوز کران و یەکێک لەو مووشەکانە لە قوتابخانەیەک بەناوی ئیلافەوە کەوتە خوارەوە، بەپێی شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئافرەتێک و کچێک بەو هۆیەوە برینداربوون.
دوای چەند کاژێرێک لە هێرشەکەی سەر ناوچەی سەوز، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت دوو سەرنشینی ماتۆڕسکیلێک لەناوچەی ئەعزەمیەی بەغدا بۆمبێک هەڵدەدەنە نێو بارەگای پارتی تەقەدووم، کە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرۆکایەتی دەکات، لە راگەیێندراوێکدا پارتی تەقەدووم رایگەیاند: "گرووپێکی لەیاسالادەر ئەو هێرشەیان کردووە، ئەمەش دوای ئەو دەستکەوتانە دێت کە هاوپەیمانی تەقەدووم بەهاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشانی نیشتیمان لەپێناو عێراق بەدەستهێناون لەپێناو عێراقێکی ئاسایش و گەشەسەندووی بێ مێلیشیاکان".
هەروەها رۆژی هەینی، 14-1-2022، بە بۆمب هێرشکرایە سەر بارەگای هاوپەیمانیی عەزمی سوننەکان لەناوچەی یەرموکی بەغدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ