رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان "پێشوازی" لە بڕیاری بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی لە لایەن پەرلەمانی ئەڵمانیاوە دەکات و دەڵێت، "هيوادارین ههمان ههنگاو له وڵاتانى ديكهى ئهوروپا و جيهان ببينين."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19-01-2023، دانیشتنی پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ دەنگدان لەسەر بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بەڕێوەچوو و بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، کۆمەڵکوژییەکە بە جینۆساید ناسێندرا.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لەو بڕیارەی پەرلەمانی ئەڵمانیا کرد و رایگەیاند، "سوپاس و پێزانينمان بۆ هاوكارى و پشتگيريى بهردهوامى ئهڵمانيا" هەیە و هیواش دەخوازێت هەمان ئەو هەنگاوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە لایەن پەرلەمانی وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و جیهانیش بدرێت بۆئەوەی "دادپهروهرى بۆ قوربانييان بهجێبێت."
دهستخۆشى و پێشوازى له بڕيارى پهرلهمانى ئهڵمانيا دهكهين به ناساندنى كۆمهڵكوژيى ئێزدييان به جينۆسايد. سوپاس و پێزانينمان بۆ هاوكارى و پشتگيريى بهردهوامى ئهڵمانيا. هيوادارين ههمان ههنگاو له وڵاتانى ديكهى ئهوروپا و جيهان ببينين و دادپهروهرى بۆ قوربانييان بهجێبێت.
— Nechirvan Barzani (@IKRPresident) January 19, 2023
رەشنووسە 20 خاڵییەکە جگە لە داواکاریی داننان بە بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی، داوا لە حکومەتی ئەڵمانیا دەکات، لە لایەنی داراییەوە پشتیوانیی گەڕانەوەی کوردانی ئێزدیی ئاوارە بۆ ماڵ و حاڵیان بکات کە بە گوێرەی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی؛ تاوەکو ئێستا 135 هەزار و 860یان لە کامپەکانی دهۆک دەژین و 189 هەزار و 337ی دیکەشیان لە دەرەوەی کامپەکان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەژین.
بەگوێرەی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی، داعش 6417 کوردی ئێزدیی رفاندبوو، 3562 کەسیان رزگارکراون و 2693ی رفێندراوی دیکەش هێشتا بێسەروشوێنن.
پەرلەمانی ئەڵمانیا بەو هەنگاوەی، بووە چوارەم پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا کە کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید دەناسێنێت. پەرلەمانی فەرەنسا وەک یەکەم پەرلەمان لە ساڵی 2016 کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدیی بەجینۆساید ناساند، دوای ئەوە هەریەک لە پەرلەمانەکانی هۆڵەندا و بەلجیکاش ئەو هەنگاوەیان نا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ