دوو شەپۆلی سەرما و بەفر و باران هەرێمی کوردستان دەگرنەوە

19-02-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوو شەپۆلی سەرماوسۆڵە هەرێمی کوردستان دەگرنەوە، یەکێکیان لە ئەمڕۆوە تاوەکو شەوی پێنجشەممە و ئەوی دیکەیان لە رۆژی هەینییەوە تاوەکو دووشەممە بەردەوام دەبێت.
 
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 19-02-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ئەمڕۆوە تاوەکو شەوی پێنجشەممە شەپۆلێکی باران، هەورەگرمە و بەفر هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
 
بەپێی کەشناسیی عێراق، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، ئەگەری نمەبارانی مامناوەند هەیە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای عێراق؛ ئێوارە و شەویش باران شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەگرێتەوە، لەگەڵ برووسکە و هەورەگرمە.
 
پێشبینی دەکرێت هەندێک کات لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بارانی زۆر ببارێت؛ پلەی گەرماش کەمێک بەرز دەبێتەوە لە چاو رۆژی پێشووتر.
 
عامر جابری راشیگەیاند، بۆ سبەی پێنجشەممە ئەگەری بەردەوامیی نمەباران و هەورەگرمە هەیە لە زۆربەی شارەکانی عێراق دا.
 
گۆڕانکاری لە ئاراستەی با روودەدات، بە جۆرێک کاریگەریی هەیە لەسەر ناوچەی رۆژئاوای عێراق، کە لەدوای نیوەڕۆوە چالاک دەبێت و خێراییەکەی دەگاتە 60 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا، تۆز و خۆڵ لەو ناوچانەدا دروستدەکات و بینین کەم دەکاتەوە بۆ (1 - 2) کیلۆمەتر.
 
سەبارەت بە رۆژی هەینی، عامر جابری دەڵێت، کاریگەریی دۆخی کەشوهەوای دووەم دەستپێدەکات، کە پاشماوەی کاریگەریی شەپۆلێکی ساردە، لەگەڵ نزمە پاڵەپەستۆیەکی دەریای سووردا و دەبێتە هۆی بەردەوامیی باران لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی عێراق.
 
لەوبارەوە، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای ئەنبار هۆشداری دەداتە شوفێران و ژمارەیەک رێنوێنی بڵاودەکاتەوە، تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە پشتبەستن بە راپۆرتی دەستەی گشتیی کەشناسی، ئاگاداری سەرجەم شوفێران و بەکارهێنەرانی رێگەوبانەکان دەکەنەوە، دۆخی کەشوهەوای پێشبینیکراو لە رۆژانی داهاتوودا، رەنگە کاریگەریی لەسەر هاتووچۆ هەبێت و پێویستی بە وریاییە لەکاتی لێخوڕیندا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە