رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، سبەینێ چوارشەممە 20ی ئادار لە سەرجەم فەرمانگە و دامودەزگا و دامەزراوەکانی سنووری پارێزگاکە پشووی فەرمییە. هاوکات لە کەرکووکیش لە قوتابخانە و کۆلێژەکانی سەر بە زانکۆ پشووی فەرمییە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەهۆی ناسەقامگیریی رەوشی کەشوهەوا، لەپێناو پاراستن و سەلامەتیی گشتیی و ماندوبوونی تیمەکان و سەرقاڵی و ئامادەکاریی هاووڵاتییان بۆ جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی، "بڕیارماندا بەیانی رۆژی چوارشەممە 20-03-2024، لە سەرجەم فەرمانگە و دامودەزگا و دامەزراوەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بکرێتە پشوو."
هاوکات بە بڕیاری پەروەردەی گشتیی کەرکووک و سەرۆکایەتیی زانکۆی کەرکووک، رۆژی چوارشەممە 20-03-2024 بۆ قوتابخانەکان و کۆلێژەکانی سەر بە زانکۆی کەرکووک کرایە پشوو، ئەوەش بەهۆی نالەباریی کەشوهەواوە.
پێشتریش پارێزگاری دهۆک رۆژی چوارشەممەی کردبووە پشوو. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک شەوی سێشەممە رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە 20-03-2024 بەهۆی پێشبینیی بارانبارینی بەهێز و ئەگەری دروستبوونی لافاو، لەپێناو پاراستنی گیانی هاونیشتمانیان لە سەرتاسەری پارێزگاکە پشووی فەرمی دەبێت.
عەلی تەتەر ئاماژەی بەوەش کردبوو، تەنیا ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەی پەیوەندییان بە رووداوی نائاساییەوە هەیە، دەوامیان دەبێت، وەکو "بەرگریی شارستانی، پۆلیس، ئاسایش، کۆچ و کۆچبەران، نەخۆشخانەی فریاکەوتن، بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەنداو و چاودێریی رێگە و پرد و شارەوانی و تیمەکانی چاککردنەوەی ئاو و کارەبا و هاوشێوەکانیان."
هاوکات پارێزگاری دهۆک داوای لە هاونیشتمانیانیش کردبوو، بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و کەسوکاریان، لە ماڵەکانیان بمێننەوە، بۆئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بتوانن کارەکانیان بە باشی ئەنجام بدەن.
راگەیێندراوەکان لە کاتێکدان، شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و زیانی گیانی و مادیشی هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ