دوای راپۆرتێکی رووداو؛ هیوا بۆ دوو منداڵی نابینا دەگەڕێتەوە

19-06-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
رووداو دەنگی خێزانێکی کوردی هەژاری دەگەیێنێت.
رووداو دەنگی خێزانێکی کوردی هەژاری دەگەیێنێت.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە گوندی پۆتیکای سەر بە شارۆچکەی چنار، خێزانێک لە کۆی 4 منداڵ، دوو منداڵیان تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەی مۆخی ئێسک بوون.
بیناییان لەدەست داوە. دوای ئەوەی رووداو دەنگی گەیاندن، بازرگانێکی کورد بەڵێنی دروستکردنی خانووێک و لە ئەستۆگرتنی تیچووی چارەسەری منداڵەکانی دا. 
 
نیسانووری تەمەن 11 ساڵ و رەدوانی برای کە تەمەنی یەک ساڵە، تووشی ئازارێکی زۆر بوون و دوای ئەوەی مۆخی ئێسکیان بۆ گۆڕدرا، هەردووکیان بیناییان لەدەستداوە.
 
باوکیشیان، مەحموود فیدان، نەشتەرگەریی سەری بۆ کراوە و پزیشکەکان کاریان لێ قەدەخە کردووە.
 
خێزانەکە بارودۆخی ئابووری زۆر خراپە، خانوویان نییە و بە مووچەیەی خاوەن پێداویستیی تایبەت کە منداڵەکان وەریدەگرن، بژێویی ژیانیان دابین دەکەن.
 
مامی منداڵەکان دوو ژووری ماڵەکەی خۆی پێداون و سنووری ژیانیان هەر ئەو دوو ژوورەیە. ئەوان داوای هاوکاری لە خێرخوازان دەکەن، چونکە هەلومەرجی ماڵەکە بۆ ئەو منداڵانە گونجاو نییە.
 
چێشتخانە، گەرماو، شوێنی دەستنوێژگرتن و شوێنی خەوتن و هەڵسانەوەیان، هەمووی هەر لەو دوو ژوورەدایە، کە بۆ ژیانێکی تەندروست هەرگیز گونجاو نییە.
 
رووداو تراژیدیای ژیانی گێڕانەوە
 
عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری رووداو لە تورکیا راپۆرتێکی لەسەر تراژیدیای خێزانی فیدان ئامادە کردبوو. راپۆرتەکەی رووداو دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. 
 
لە راپۆرتەکەدا، مەحموود فیدان داوای هاوکاریی لە خێرخوازان کرد و گوتی: "هیوادارم خەڵکی خێرخواز شتێک بۆ نیسانوور و رەدوان بکەن."
 
"لە ماوەی 4 مانگدا خانووی خێزانی فیدان ئامادە دەبێت"
 
سەزگین باران کۆرکماز، بازرگانێکی کوردە و لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە رایگەیاند خانووێک بۆ خێزانەکە دروست دەکات.
 
سەزگین باران رایگەیاند، "هەواڵەکەم لە رووداو بینی و دڵم زۆر بە بارودۆخی خێزانەکە ئازاری چەشت. من هەمیشە هاوکاریی گەلەکەم دەکەم. گوتم بزانم دەتوانم چییان بۆ بکەم. زانیم ماڵیان نییە."
 
ئەو بازرگانە دەڵێت، "لەگەڵ ئەندازیاری تەلارسازیی کۆمپانیاکەم لە تورکیا قسەم کرد و پێم گوت، خانوویەکی وا دروست بکەن کە ببێتە گوێ و چاوی نیسانوور. خانوویەک دروست بکەن کە گونجاو بێت بۆ خێزانەکە."
 
سەزگین دەڵێت، ئێستا خەریکی ئامادەکردنی پڕۆژەی ماڵەکەن، دوای دوو هەفتەی دیکە پڕۆژەکە تەواو دەبێت و خانووەکە لە ماوەی 4 مانگدا تەواو دەبێت.
 
ئەو بازرگانە دەڵێت، "قسەم لەگەڵ نیسانوور نەکردووە، بەڵام لەگەڵ خاڵی قسەم کردووە. ئێمە ماڵێکی زیرەکیان بۆ دروست دەکەین، چونکە نیسانوور و براکەی بیناییان نییە." دەشڵێت، "ئەم ماڵە دەبێتە نموونەیەک. دەمانەوێت شتێکی باش و بەنرخیان بۆ دروست بکەین."
 
سەزگین باران کار بۆ چارەسەرکردنی منداڵەکانیش  دەکات و دەڵێت، چاوەڕێی ڕاپۆرتەکانیانن، ئەگەر چارەسەریان لە زانکۆی دیجلەی ئامەد نەکرێت، ئەوا دەیانبەنە نەخۆشخانەی ئەمریکی لە ئیستەنبوڵ و "ئینشاڵڵا چارەسەریشیان دەکەین."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.