خوێندنی کوردی لە کەرکووک: لە چەند رۆژی داهاتوودا بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکان کۆتایی دێت

19-07-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پڕۆسەی دامەزراندنی نزیکەی 2 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک کە پێشتر بە گرێبەست دەوامیان دەکرد بەردەوامە. سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەڵێت، زۆربەی کارەکانیان تەواو کردووە و لە ماوەی هەفتەیەکدا تەواوی رێکارە کارگێڕییەکانی ئەو کەسانە تەواو دەبن کە بەشێوەی هەمیشەیی دادەمەزرێن.
 
رۆژی چوارشەممە 19ـی تەممووزی 2023، پەروین فاتیح، بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاریی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رێکاری وەرگرتنی مامەڵەی مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست لە باخچەی ساوایان و قوتابخانە سەرەتاییەکان تەواو بووە و سێ رۆژی سەرەتای هەفتەی داهاتوو دانراوە بۆ ئەو کەسانەی مامەڵەی دامەزراندنیان بە هەر هۆکارێک بێت تاوەکو ئێستا نەهێناوە بۆ ئەوەی بە هەمیشەیی بکرێن." 
 
پەروین فاتیح کە هاوکات وەکو سەرۆکی لیژنەی بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک دیاریکراوە، ئاماژەی بەوەشكرد، وەرگرتنی مامەڵەی دامەزراندنی هەمیشەیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە ئامادەییەکانیش بەردەوامە و "زۆرینە"یان مامەڵەیان تەواوکردووە؛ گوتیشی، "پێشبینی دەکەم لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا تەواوی ئەوانەی مافی دامەزراندنیان هەیە لە ئامادەییەکان رێکارە کارگێڕییەکان تەواو بکەن." 
 
وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیاری دامەزراندنی 17 هەزار و 500 کەسی لە کەرکووک لە گرێبەستەوە بۆ هەمیشەیی دەرکردووە، لەو ژمارەیە نزیکەی 2 هەزار مامۆستا، فەرمانبەر و کارمەندانی کارگێڕیی خوێندنی کوردیش دەکرێنە هەمیشەیی. پەرویف فاتیح گوتی، جگە لەو ژمارەیەی خوێندنی کوردی، لە ناوەندەکانی دیکەی خوێندنیش گرێبەستی هاونیشتمانییان هەیە و دەبنە هەمیشەیی، بۆ نموونە لە خوێندنی عەرەبی هەموو گرێبەستەکان عەرەب نین و کوردیشیان تێدایە؛ خوێندنی تورکمانییش بە هەمان شێوەیە.
 
بەڕێوەبەری یەکەی سەرپەرشتیاریی خوێندنی کوردیی لە کەرکووک باسی لەوەشکرد، ئەوانەی بە گرێبەست دەوامیان کردووە مووچەیان 250 هەزار دینار بووە؛ گوتیشی، "دوای دامەزراندنیان بەگوێرەی بڕوانامە و هەبوونی هاوژین و منداڵ مووچەکەیان زیاتر دەبێت و هیچ کەسێکیان مووچەکەی لە 500 هەزار دینار کەمتر نابێت." 
 
لە کەرکووک 7 هەزار و 850 مامۆستا و 750 وانەبێژ وانە بە قوتابییانی بەشی خوێندنی کوردی دەڵێنەوە، زۆرینەیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە مووچە وەردەگرن. پەروین فاتیح دەڵێت، ئەو کەسانەی لە خوێندنی کوردی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەشێوەی هەمیشەیی دادەمەزرێن، پێشتریش مووچەیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەرگرتووە.
 
لە کەرکووک 550 قوتابخانە و باخچەی ساوایان هەن، کە سەر بە خوێندنی کوردین؛ خوێندنی ئەمساڵ 98 هەزار قوتابی و 10 هەزار منداڵ لەو قوتابخانانە و باخچەکانی ساوایاندا دەخوێنن. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق

دامەزرێنەری گووگڵ کراودسۆرس: نووسین بە فۆنتی کۆن زیانێکی گەورە بە پاشەڕۆژی زمانی کوردی دەگەیێنێت

لەکاتێکدا جیهان یادی رۆژی جیهانیی زمانی دایک دەکاتەوە، پسپۆڕانی تەکنەلۆژیا هۆشداری دەدەن لەوەی پاراستنی زمان تەنیا لە رێگەی ئاخاوتنەوە نییە، بەڵکو دەبێت زمانەکە لە جیهانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا جێگیر بکرێت. بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق، لە کاتی بەشداریی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "پاشەڕۆژی زمانی کوردی بەندە بە بوونی داتای پێویست لەسەر ئینتەرنێت."