رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان رایدەگەیێنێت، "کۆبوونەوەیەکی باش"ی لەگەڵ وەزیری بەرگریی فەرەنسا هەبووە و دەشڵێت، "گەلی کوردستان هەرگیز پشتیوانیی فەرەنسا لە قۆناخە جیاوازەکاندا لەبیر ناکات."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ سیباستیان لوکۆغنیو، وەزیری بەرگریی فەرەنسا کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری بەرگریی فەرەنسا کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان گوتی، "کۆبوونەوەیەکی باشمان هەبوو، باسمان لە شەڕی داعش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تووندڕەوی کرد، هەردوولامان هاوڕابووین کە داعش هێشتا مەترسییەکی راستەقینەیە لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە."
بە وێنە؛ پێشوازی و کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لەگەڵ سیباستیان لوکۆغنیو، وەزیری بەرگریی فەرەنسا pic.twitter.com/zIkcFVIgDj
— Rudaw (@Rudawkurdish) July 19, 2023
نیچیرڤان بارزانی بەردەوامیی هاوکاری و پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و فەرەنسای بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بە پێویست زانی و گوتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا "سوپاسی فەرەنسامان کرد بۆ پشتیوانی و دۆستایەتیی بەردەوامیان لەگەڵ گەلی کوردستان، گەلی کوردستان هەرگیز پشتیوانیی فەرەنسا لە قۆناخە جیاوازەکاندا لەبیر ناکات."
هاوکات وەزیری بەرگریی فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی سەرەڕای قەیرانی ئۆکراینا کە بەشی زۆری توانای دیپلۆماسیی رۆژئاوای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، بەڵام ئەم ناوچەیە و هەرێمی کوردستانی لەبیر نەکردووە و "پەیوەندییەکی لەدڵەوەی لەگەڵدا هەیە".
سیباستیان لوکۆغنیو، وەزیری بەرگریی فەرەنسا کە ئەمڕۆ لە بەغداوە گەیشتە هەولێر و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، "ئەمە یەکەمجارم بوو گەشت بۆ هەولێر بکەم و هەرگیز لەبیری ناکەم".
وەزیرە فەرەنسییەکە، لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا باسی لەو بابەتانە کرد کە فەرەنسا، ناوچەکە و جیهانیان سەرقاڵ کردووە، لە هەولێریشەوە دڵنیایی دا لەوەی، وڵاتەکەی ئەو پەیوەندییە و هاوبەشییە لەبیرناکات کە لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەیەتی.
فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە، تاوەکو ئێستا هەردوو سەرۆکی ئێستای فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە، فروانسوا ئۆلاند، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە بۆ دووپاتکردنەوەی ئەو دۆستایەتی و هاوبەشییەی لەگەڵ کورددا هەیانە.
وەزیرە فەرەنسییەکەش لە کۆنگرەکەدا گوتی؛ لەکاتێکدا ئۆکراینا بەشی زۆری دیپلۆماسیی فەرەنسای سەرقاڵ کردووە، "لێرەوە پێتان دەڵێین فەرەنسا کورتبین نییە" گوتیشی، "ئەوەی کە کراوە و سوودی بۆ ئارامیی هەرێمی کوردستانی عێراق هەبووە، هەروەها سوودی بۆ ئارامیی فەرەنسییەکانیش هەبووە."
دەقی قسەکانی نێچیرڤان بارزانی:
زۆر خۆشحاڵ بووم کە ئەم ئێوارەیە لە هەولێر، پێشوازیمان کرد لە جەنابی وەزیر کرد، بە گەرمی بەخێرهاتنی دەکەین بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. سەردانیان پەیامێکی گرنگی بەردەوامیی پشتگیری و دۆستایەتیی فەرەنسایە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، زۆر بەخێربێن.
کۆبوونەوەیەکی باشمان هەبوو، باسمان لە شەڕی دژی داعش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تووندڕەوی کرد، هەردوولامان هاوڕا بووین کە داعش هێشتا مەترسییەکی راستەقینە و هەڕەشەیە لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە، بۆیە پێویستە هاوکاری و پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و فەرەنسا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت. سوپاسی فەرەنسامان کرد بۆ پشتگیری و دۆستایەتیی بەردەوامیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، گەلی کوردستان هەرگیز یارمەتی و پشتیوانیی فەرەنسا لە قۆناخە جیاکاندا لەبیر ناکات، سوپاس و پێزانینمان بۆ رۆڵی سەرۆک ماکرون دووپات دەکەینەوە بۆ پەیوەندی و پشتگیری بەردەوامی لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
پشتگیری لە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی نێوان عێراق و فەرەنسا دەکەین و چاومان لەوەیە هەرێمی کوردستانیش بەشی خۆی لێی سوودمەند بێت، بەتایبەتی لە بواری یارمەتیدانی مەشق و راهێنانی پێشمەرگە. جەختمان لە گرنگیی بەردەوامیی هاوئاهەنگی و هاوکاریی هاوبەشی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرەنسا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە، بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی ئەو تەحەدییە ئەمنییانەی لە عێراق و ناوچەکەدا هەن، دۆخی شنگال و ئێزدی و مەسیحی و پێکهاتەکان و گرنگیی زەمینە خۆشکردنمان باسکرد، بۆ گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەکان بۆ شوێنەکانی خۆیان؛ لەمبارەوە هەردوو لامان هاوڕا بووین کە گرنگە بۆ ئەم مەبەستە رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ بکرێت. سوپاسی کار و هەوڵەکانی باڵوێزخانەی فەرەنسا لە بەغدا، جەنابی باڵیۆز و کۆنسوڵخانەی گشتیی لە هەولێر، کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین. جەنابی وەزیر دووبارە بەخێربێن بۆ هەولێر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ