گەنجێک لە سۆران و منداڵێک لە زاخۆ خنکان

19-07-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گەنجێکی تەمەن 18 ساڵ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران خنکا. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی زاخۆش دەڵێت، "تەرمی کچێکی پێنج ساڵان لە ئاودا دۆزراوەتەوە."
 
رۆژی شەممە، 19ـی تەممووزی 2025، ئەڤیندار عیزەت، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوێنێ خێزانێکی عەرەبی خەڵکی بەغدا بۆ گەشتکردن هاتبوونە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی زاخۆ، دواتر کچەکەیان ون کردبوو. کاژێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆ ئاگادار کراینەوە و راستەوخۆ تیمەکانمان دەستیان بە گەڕان کرد."
 
بە گوتەی ئەڤیندار عیزەت، کچەکە تەمەنی پێنج ساڵانە و دوای کەمتر لە 24 کاژێر، ئەمڕۆ کاژێر 08:00ـی بەیانی، تەرمەکەی لەنێو ئاوی شوێنە گەشتیارییەکەدا دۆزرایەوە.
 
هاوکات کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نزیک کاژێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەنجێکی تەمەن 18 ساڵ لە گەلی عەلی بەگ، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران خنکاوە و تەرمەکەیمان دەرهێناوەتەوە."
 
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران ئاماژەی بەوەش کرد، "گەنجەکە ناوی (م. ح)ـە و خەڵکی خەلیفانە، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا بەمەبەستی ماسیگرتن و مەلەکردن چوونەتە سەر رووبارەکە."
 
تەرمی ئەو گەنجە رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و بڕیارە دواتر رادەستی دادپزیشکی سۆران بکرێت و پاشان رادەستی کەسوکاری بکرێتەوە.
 
بەپێی ئامارەکانی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە چوار کەس لە زاخۆ خنکاون و 10ـی دیکەش رزگار کراون.
 
ئامارەکانی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش دەڵێن، لەسەرەتای ئەم ساڵەوە لەو سنوورە چوار کەس خنکاون و زیاتر لە 15 کەسیش رزگارکراون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.