کوردستان
ژمارەیەک بارهەڵگر لە سایلۆی مەخموور نۆرەیان گرتووە بۆ رادەستکردنی گەنم. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی هەولێر دەڵێت، عێراق چوار رۆژ وادەی وەرگرتنی گەنمی بۆ درێژکردوونەتەوە و سبەی دوایین رۆژە.
رۆژی شەممە، 19ـی تەممووزی 2025، میران بەختیار، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "15ی تەممووز دوایین رۆژ بوو بۆ وەرگرتنی گەنم لە سایلۆی هەولێر، هەفتەیەک پێش ئەو کاتە داوامان لە عێراق کرد 10 رۆژ کاتەکەمان بۆ درێژ بکاتەوە، بەڵام تاوەکو 20ی تەممووز درێژیانکردەوە، واتا سبەی دوایین رۆژە".
گەنمی دیبەگە و گوێڕیش لە هەولێر وەردەگیرێت. میران بەختیار گوتی: "لەکۆی 27 هەزار تۆن، نزیکەی 25 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە. تەنیا دوێنێ 270 ئۆتۆمبێل هاتووەتە نێو سایلۆی هەولێر، کە ئەمە ژمارەیەکی پێوانەییە لەسەر ئاستی عێراق".
پشکی گەنمی پارێزگای هەولێر 122 هەزار تۆنە. بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی هەولێر گوتی: "زیاتر لە 121 هەزار تۆن وەرگیراوە".
هاوکات نازم محەممەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی دهۆک بە رووداوی گوت: "16ی تەممووز وەرگرتنی گەنم لە دهۆک تەواو بوو، تاوەکو ئەو کاتە 102 هەزار تۆن گەنم و لە سنووری مادەی 140یش 112 هەزار و 401 تۆن گەنم وەرگیراوە."
بڕی وەرگرتنی گەنم لە دهۆک 117 هەزار و 911 تۆنە.
رۆژی 13-07-2025، نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ دوایین رۆژی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بوو لە سلێمانی، پێویستمان بە درێژکردنەوەی کاتەکەی نییە و داوامان نەکردووە".
پار، حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت. ئەمساڵیش هاوشێوەی پار، حکومەتی عێراق تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار وەردەگرێت.
بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان زیاترە لە 400 هەزار تۆن؛ بۆ ساخکردنەوەی گەنمی ماوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی داوە ئەو گەنمەی دەمێنێتەوە، بۆ هەر تۆنێکی گەنمی پلە یەک 550 هەزار دینار و پلە دوو 525 هەزار دینار لەلایەن دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەتەوە وەربگیرێت.
وەرگرتنی گەنم لەلایەن کەرتی تایبەتەوە لە 15ی ئەم مانگەوە دەستیپێکرد و مانگێک بەردەوام دەبێت؛ دوای دوو مانگ لە وەرگرتنی گەنمەکە، دەبێت پارەکەی بدرێتە جووتیاران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ