رووداو دیجیتاڵ
دوای چوار ساڵ، ئەمڕۆ کۆنگرەی پێنجەمی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر دەستیپێکرد و دوو رۆژ دەخایێنێت. بەشێک لە ئەندامەکانیشی بەشدارییان نەکردووە. ئەندامێکی کۆنگرەکە دەڵێت، "سبەی بابەتی گۆڕینی ناوی حیزب گفوگۆی لەبارەوە دەکرێت".
بۆ جاری پێنجەم عەلی باپیر بە سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی هەڵبژێردرایەوە
نزیکەی 24 ساڵە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەلایەن عەلی باپیرەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت. بۆ جاری پێنجەم و بە دەنگی ئەندامانی کۆنگرە، دیسان بە سەرۆک هەڵبژێردرایەوە، کە خۆی تاکە بەربژێری پۆستی سەرۆک بوو.
لە دەستپێکی کۆنگرەکەدا عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی، "نابێت سوور بین لەسەر بەرپرسیارێتیی وەرگرتنی دەسەڵات؛ هەروەها پێویستە زیاتر پەرە بە کاری پێکەوەیی بدرێت و هەوڵی لێکنزیککردنەوەی زیاتری خەڵک و سەرکردەکان بدرێت."
عەلی باپیر ئاماژەی بە ستراتیژی و کاری لەپێشینەی چوار ساڵی داهاتووی کۆمەڵی دادگەری کرد و گوتی، "دەبێ بەرامبەر خەڵک و وڵات بەرپرسیار بین، رەخنەمان لە شێوازی ئیدارەدانی حکومەت و گەندەڵیش هەبێت؛ بەرپرسیارین لە بەرامبەر وڵات، چونکە ئەو وڵاتە هی ئێمەشە و دەبێت دڵسۆز و پەرۆشی خەڵک بین."
کۆمەڵی دادگەری بەشداریی هەڵبژاردنی عێراق دەکات؟
عەلی باپیر باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی کرد کە بڕیارە رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت و گوتی، "ئومێدم وایە ئەو هەڵبژاردنە بە رێکوپێکی بەڕێوەبچێت و ساختەکاریی تێدا نەبێت. ئێمەش بڕیارمان داوە بەشداریی تێدا بکەین."
بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی حیزبەکە، بڕیارە لە کۆنگرەکەدا کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیش هەڵبژێرێت.
ئەمڕۆ 30 ئەندامی سەرکردایەتی هەڵدەبژێردرێن و سبەی ئەنجامەکەی رادەگەیێندرێت
عەبدولستار مەجید، ئەندامی کۆنگرەی کۆمەڵی دادگەری بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارە هەر ئەمڕۆ جگە لە سەرۆک، 29 ئەندامی دیکەی سەرکردایەتیش هەڵبژێردرێن، خەریکی دەنگدانین و سبەی ئەنجامەکەی رادەگەیێندرێت."
بۆ کۆنگرەی کۆمەڵی دادگەری، 907 ئەندام مافی بەشداربوونیان هەیە. عەبدولستار مەجید دەڵێت، "بەشێکی زۆریان بەشدارییان کردووە، نزیکەی 50 کەسیان بەشدارییان نەکردووە، ئەوەیش لەوانەیە کارێکی گرنگیان هاتبێتە پێش."
عەبدولستار مەجید لەبارەی بەشداری نەکردنی سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی گوت، "هیچ کێشەیەکمان نییە، تەنیا لەوانەیە کارێکی هاتبێتە پێش."
سۆران عومەر: کێشە لەسەر هەڵوێستم لەبارەی ئۆپۆزیسیۆن بوونەوە هەیە
سۆران عومەر بە رووداوی گوت، "بەشدارینەکردنم لە کۆنگرەی کۆمەڵی دادگەری هۆکاری بابەتیی هەبووە کە پەیوەستە بە سیاسەت و کارگێڕیی کۆمەڵەوە و هەڵوێست لەسەر ئۆپۆزیسیۆنبوون، کێشەی من کەسی نییە، بەڵکو کێشەم ئەوەیە کەم لایەن هێندەی کۆمەڵ خەڵکی خاوەن باوەڕ و دڵسۆز و گیانلەسەردەستی هەیە کە بەبێ بەرامبەر ئامادەی گیانبەخشینن، بەڵام بەداخەوە ئاستی جەماوەریی کۆمەڵ پاشەکشەی کردووە".
عەلی باپیر لە گوتارەکەی ئەمڕۆیدا گوتی، "کەسانێک لەنێو کۆمەڵ پەلەپەلیانە بۆ وەرگرتنی پلە و پۆستە حکومییەکان و بوون بە پەرلەمانتار، لە پەنای کۆمەڵدا ئیمتیازی مادی و مەعنەوییان وەرگرت، پاشان بێئەمەک بوون بەرامبەر حیزبەکەیان".
لەو بارەیەوە سۆران عومەر گوتی، "چەندین دەستکەوتی مادیم رەتکردووەتەوە، 12 ساڵیشە بەبێ دابڕان نیوەی مووچەکەم داوەتەوە بە کۆمەڵ، تەنانەت ئەو شوقەیەی کە لە بەغدا تێیدا دەژیم، هی کۆمەڵە و مانگانە سێ ملیۆن دینار کرێی شوقەکەیان پێدەدەم، هەمیشە من پارەم داوە بە کۆمەڵ".
سۆران عومەر دەڵێت، "هیوادارم کۆمەڵ بگەیێننەوە ئاستی ئەو هیوایەی خەڵکی کۆمەڵ و دەنگدەرەکانی بەو حیزبەیان هەیە. بەدوای پلە و پۆستەوە نەبووم، بۆیە لە هیچ کۆنگرەیەکی کۆمەڵ خۆمم کاندید نەکردووە. لەم کۆنگرەیەشدا مامۆستا عەلی باپیر داوای لێکردم بەشداری بکەم و خۆم بۆ سەرکردایەتی کاندید بکەم، بەڵام رەتمکردەوە. ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵیش داوای لێکردم بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران خۆم کاندید بکەمەوە، ئەویشم رەتکردەوە".
ناوی حیزبەکە دەگۆڕدرێت؟
عەبدولستار مەجید باسی لەوە کرد، "بڕیارە سبەی لە کۆنگرەکەدا تاوتوێی هەندێک گۆڕانکاری لە شێوازی بەڕێوەبردنی حیزبەکەدا بکرێت، لەوانە گۆڕانکاری لە پەیڕەوی نێوخۆ و ژمارەی ئۆرگانەکان و ناوی حیزبەکە".
گوتیشی، "سبەی بابەتی گۆڕینی ناوی حیزبەکە ئەگەری هەیە بخرێتە گفتوگۆکانەوە، سێ بژاردە هەن؛ یان ئەوەتا ناوی حیزبەکە وەکو خۆی دەمێنێتەوە، یان دەبێتەوە بە ناوی پێشووی کە کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، یاخود دەبێت بە کۆمەڵی دادگەریی ئیسلامیی کوردستان".
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سەرەتا بە ناوی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ساڵی 2001 دامەزرا و لە کۆنگرەی چوارەمدا ناوەکەی گۆڕی.
کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی دادگەری لە شوباتی 2021 بەڕێوەچوو، تێیدا عەلی باپیر هەڵبژێردرایەوە و پۆستی کەسی یەکەمی حیزبەکەش لە ئەمیرەوە بۆ سەرۆک گۆڕدرا.
ئەو حیزبە کوردستانییە لە پەرلەمانی عێراق یەک کورسیی هەیە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشدا سێ کورسیی بەدەستهێناوە.
رۆژی 26ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، رایگەیاند، "100% دڵنیابووینەتەوە لەوەی ساختەکاریی زۆر لە هەڵبژاردندا کراوە، بۆیە ناچینە پەرلەمان".
جگە لە پەرلەمانتارێکیان کە بەدەر لە رێنوێنییەکانی حیزبەکەی سوێندی یاسایی خوارد، دوو بەربژێرە سەرکەوتووەکەی دیکەی حیزبەکە تاوەکو ئەمڕۆ سوێندی یاساییان نەخواردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ