رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لە قەزای ئامێدی دیدارێکی لەگەڵ خەڵک ئەنجام دا و گوێبیستی داخوازییەکانیان بوو. پەیامنێری رووداو دەڵێت، دواتر سەرۆک بارزانی سەردانی دهۆک دەکات و لەوێش دیدارێکی لەگەڵ هاونیشتمانیان دەبێت.
لەدرێژەی سەردانەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ ناوچە و قەزاکانی سنووری پارێزگای دهۆک، ئەمڕۆ شەممە، 19-08-2023 سەردانی قەزای ئامێدی کرد و لەگەڵ چین و توێژەکان کۆبووەوە.
سەرۆک بارزانی سەرەتا سەردانی لقی 18ـی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و دواتر لەگەڵ هاونیشتمانیان کۆبووەوە و گوێی لە داخوازییەکانیان گرت.
بەرەڤان حەمدی، بەرپرسی لقی 18ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئامێدی، لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بە هونەر رەشید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سەرۆک بارزانی لە دیدارەکەدا زیاتر لەوەی کە قسە بکات، گوێبیستی داخوازییەکانی خەڵک بوو.
هەر لەو بارەوە هاونیشتمانیێک بە پەیامنێری رووداوی گوت، خەڵک داواکاریی زۆریان هەبوو، ''لەوانەش دروستکردنی رێگەوبان، بایەخدانی زیاتر بە گەشتوگوزار، پەرەپێدان بە کەرتی کشتوکاڵ.''
هاونیشتمانییەکی بەساڵاچوو داخوازییەکانی خۆی بەو جۆرە گەیاندووەتە سەرۆک بارزانی کە ''ئەو خوێندکارانەی 20 ساڵ خوێندوویانە و کوڕی هەژارن، نە دادەمەزرێن و نە کارێک هەیە بیکەن. نە کار هەیە؛ نە دەتوانن بگەڕێنەوە گوندەکانیان، ئەی چی بکەن؟ دەبێ بمرن و تەواو؟''
مامۆستایەکی زانکۆ لەبارەی دیدار و گفتوگۆکەوە بە پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، داخوازیی خەڵک لە سەرۆک بارزانی لەسەر هەندێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بوو و ''بڕیار درا باڵەخانە بۆ کۆلێژ دروست بکرێت و هەندێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ناوچەکە وەگەڕبخرێن. سەرۆک بارزانی لە نزیکەوە گوێبیست و ئاگاداری گلەیی خەڵکی ناوچەکە بوو و پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕین و گوتی، لە رێگەی حکومەتەوە سەرجەم پڕۆژەکان وەگەڕدەخەین بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری ناوچەکە بکرێت.''
هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو گوتی، سەرۆک مەسعود بارزانی لە ئامێدی دوو کۆبوونەوە و دیداری هەبوو و بڕیارە لە دهۆکیش دیدارێکی لەگەڵ چین و توێژەكاندا هەبێت.
سەردانەکە لەکاتێکدایە، دوێنێ هەینی، سەرۆک مەسعود بارزانی سەردانی قەزای ئاکرێی کرد و سەرەتا لە بارەگای لقی نۆی پارتی لەگەڵ بەرپرسانی کارگێڕیی ناوچەکە و پارێزگای دهۆک و بەرپرسانی حیزبی کۆبووەوە، دواتر لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی ئاکرێ دیدارێکی لەگەڵ خەڵکی سنووری هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش ئەنجامدا و دوای ئەوەی گوتارێکی پێشکێشکرد، گوێی لە داخوازی هاونیشتمانیانیش گرت.
قەزای ئامێدی پێکهاتووە لە حەوت ناحیەی ئامێدی، سەرسەنگ، بامەڕنێ، شیلادزێ، کانی ماسێ، چەمانکێ و دێرەلووک کە هاووڵاتییان لە سەرجەم ناحیەکانەوە بەشداری ئەو دیدارە لەگەڵ سەرۆک بارزانی بوون و گلەیی و داخوازییەکانیان راستەوخۆ گەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ