رووداو دیجیتاڵ
ئەو شاندەی شەوی رابردوو گەیشتە بەغدا، ئەندامانی ئەو سێ لیژنەیەن، کە لە دوو مانگی رابردوو بۆ چارەسەری کێشەی مووچە، بەجێکردنی مووچە، داهاتی نانەوتی و پشکی هەرێمی کوردستان پێکهێندراون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کە لە ئەندامێکی شاندەکە دەستیکەوتووە، بەغدا چەند داواکارییەکی نوێی هەبووە لە هەر سێ لیژنەکە، ئەم شاندەش کە چوون دەیانەوێت لێکتێگەیشتن هەبێت و بگەنە ئەنجامێک، ئەگەرنا هێشتا کێشەی گەورە و قووڵ لە نێوان بەغدا و هەولێردا هەیە.
ئەندامانی عێراق لە لیژنەی بەجێکردنی مووچە، کێشەیان لەگەڵ هەژماری من نییە فەرمانبەران خۆیانی لێ تۆماربکەن، بەڵام دەڵێن دەبێت داتاکان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکەن و هەولێریش بەمە رازی نییە.
لیژنەی داهاتی نانەوتیش هەمان بۆچوونی پێشتری هەیە، کە دەبێت هەرچی داهاتی فەرمانگەکان هەیە بدرێتە عێراق، بەڵام هەرێمی کوردستان بەمە رازی نییە و دەڵێت "رازین بە رادەستکردنی داهاتی فەرمانگە فیدراڵییەکان وەک پاسپۆرت و رەگەزنامە، بەڵام ناکرێت داهاتی بەڕێوەبەرایەتییەکی ئاو بدرێتە بەغدا"، لەسەر ئەمەش رێکنەکەوتون.
لیژنەی سێیەمیش پەیوەستە بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا، تائێستا ئەندامانی عێراق لەو لیژنەیە هەر لەسەر ئەو بۆچوونەن، کە وەزارەتی دارایی عێراق زیاد لە مافی خۆی پارەی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە و ئەندامانی کوردیش بۆیان روونکردوونەتەوە کە ئەو نووسراوەی تەیف سامی کردوویەتی و دەڵێت زیاترمان بۆ هەریمی کوردستان ناردووە، "هەڵەیە".
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش لەسەر بنەمای کۆبوونەوەی ئەو سێ لیژنەیە دەبێت کە ئەگەر بگەنە بۆچوونێکی هاوبەش دەیکەنە راپۆرتێک دەیدەنە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێ، ئەگەر نەگەنە ئەنجام کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەبێ راپۆرتی هاوبەش هیچ بڕیارێک نادات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ