پسپۆڕێکی یاسای کۆمپانیاکان: دۆسیەی چاڤیلاند نایاساییە

19-09-2025
شیراز رەئوف
دیمەنێکی چاڤیلاند؛ وێنە: رووداو
دیمەنێکی چاڤیلاند؛ وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پسپۆڕێکی یاسای کۆمپانیاکان دەڵێت: هەر لە سەرەتاوە دابەشکاریی پشکەکانی کۆمپانیای چاڤیلاند "نایاسایی" بووە و وەبەرهێنەری پڕۆژەکە کەمترین پارەی خۆی لە چاڤیلاند خەرج کردووە بەڵام کراوەتە خاوەنی 78٪ی پشکەکانی کۆمپانیاکە.
 
دیلمان ساڵح، راوێژکاری یاسایی و پسپۆڕی یاسای کۆمپانیاکان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "رێکارەکانی ئێستا بۆ دەستبەسەرداگرتن و فرۆشتنی موڵکەکانی چاڤیلاند و کۆمپانیای نالیا نایاساین، بەو پێیەی وەزارەتی دارایی و ئابووری خۆی لایەنێکی کێشەکەیە و ناکرێت لیژنەی لایەنێکی کێشەکە ببێتە بڕیاردەری چارەسەرکردن و پێویستبوو دادگە دۆسیەکە یەکلایی بکاتەوە."
 
"کەمترین پارە و زۆرترین پشک"
 
دیلمان ساڵح باسی لە دۆسیەی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا و بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی بەشێک لە موڵکەکانی چاڤیلاند و فرۆشتنیان کرد و گوتی: سەرمایەی کۆمپانیای چاڤی بە 133 ملیار دینار خەمڵێندراوە لە سەرەتادا، 91 ملیار دیناری بە قەرز لە حکومەت وەرگیراوە، بە بەهای 30 ملیار دیناریش پشک فرۆشراوە واتا 121 ملیار دیناری پڕۆژەکە هی قەرز و خاوەن پشکەکانە و وەبەرهێنەری پڕۆژەکە کەمترین پارەی تێدا خەرجکردووە، بەڵام 78٪ـی پشکەکانی بە ناوەوە تۆمارکراوە، هەر خودی ئەم دابەشکارییە نایاساییە و وەبەرهێنەری پڕۆژەکە کەمترین پارەی خەرجکردووە و کەمترین پشکی بەردەکەوێت، بەڵام سێ لەسەر چواری پشکەکانی بەناو کراوە."
 
"جگە لە دابەشکاریی نایاسایی پشکەکان، هاوکات سەرلەبەری کۆمپانیای چاڤی بە پرۆسەیەکی نایاسایدا تێپەڕیوە، بەوپێیەی هەموو کۆمپانیایەکی پشکداریی پێویستە لە بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق تۆماربکرێت، بەڵام کۆمپانیای چاڤی لەو بازاڕە تۆمار نەکراوە و بەپێی رێنماییەکانی کۆمپانیای پشکداریی کۆمپانیایەکی نایاساییە لە عێراق." ئەمەش بەشێکی دیکە بوو لە گوتەکانی راوێژکارە یاساییەکەی میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ.
 
کۆتایی مانگی ئابی ئەم ساڵ، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی رایگەیاند: لە زیادکردنێکی ئاشکرادا سەرجەم ئەو موڵکانەی کۆمپانیای نالیا و چاڤی دەفرۆشرێن کە دەستیان بەسەردا گیراوە کە ژمارەیان 60 موڵکە.
 
بەپێی وەزارەتی دارایی، قەرزەکانی وەزارەتەکەیان لەسەر کۆمپانیای نالیا گەیشتووەتە نزیکەی 92 ملیار دینار، موڵکەکان ژمارەیان 60 دانەیە و پێکهاتوون لە پارچە زەوی، هۆتێل، کافتریا، کابینەی گەشتیاری و موڵکی دیکە کە دەستیان بەسەردا گیراوە.
 
"رێکارەکە نایاساییە"
 
لەبارەی بڕیاری وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەستبەسەرداگرتن و فرۆشتنی موڵکەکانی کۆمپانیای چاڤی و کۆمپانیای نالیا لەبری قەرزە کەڵەکەبووەکانیان، دیلمان ساڵح گوتی: "خودی ئەم رێکارە نایاساییە، چونکە وەزارەتی دارایی و ئابووری خۆی لایەنێکی کێشەکەیە، وەزارەتەکە خۆی قەرزی داوە بە کۆمپانیای چاڤی و کۆمپانیای نالیا و هەر خودی وەزارەتەکەش لیژنەی پێکهێناوە و دەستی بەسەر موڵکەکان گرتووە و دەیانفرۆشێت."
 
ئەو راوێژکارە پێی وایە "پێویستبوو لایەنێکی دیکە دادوەریی لەنێوان ئەم دوو جەمسەرەی کێشەکە بکات کە جەمسەرێکیان وەزارەتی داراییە و جەمسەرێکیان کۆمپانیای نالیایە و پێویستبوو دادگە بڕیار بدات و لیژنەی بۆ پێکبهێنێت و موڵکەکان بفرۆشێت، نەوەک وەزارەتی دارایی و ئابووری."
 
هاوکات گوتیشی: بەشێکی دیکە لە نایاسایی بوونی خودی پێدانی قەرز بە کۆمپانیای چاڤی ئەوەبووە کە ئەو قەرزە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە نەبووە، بەڵكو بۆ وەبەرهێنەری پڕۆژەکە بووە و بۆ خۆی بەکاریهێناوە و پڕۆژەی چاڤیلاند بە شێوازی قۆناخ بە قۆناخ تەواو کراوە و لەگەڵ هەموو قۆناخەکانیش بەش بەش پڕۆژەکە کراوەتەوە و لە کاردا بووە و داهاتی هەبووە."
 
دیلمان ساڵح باسی خاڵێکی دیکەی "نایاسایی بوونی" ئەو قەرزانە دەکات و دەڵێت: "کاتێک پشکەکانی کۆمپانیای چاڤی بە خەڵک فرۆشراوە و گرێبەستیان لەگەڵ کراوە بە کڕیارانی پشکەکان نەگوتراوە کە قەرزی سەر ئەم کۆمپانیایە چەندە، هەربۆیە ئێستا بەپێی یاسا خاوەن پشکەکانیش ناچار دەکرێن بەشداربن لە گەڕاندنەوەی قەرزەکانی کۆمپانیاکە بەپێی قەبارەی پشکەکانیان."
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، بەهای ئەو موڵکانەی کە دەخرێنە زیادکردنەوە بەمجۆرەن: -
 
ئەو موڵکانەی کە ژمارەیان 60 موڵکە لە کۆمپانیای نالیا و دەخرێنە زیادکردنی ئاشکرا نرخی خەمڵێندراویان بۆ هەر مەترێک دووجای زەوی 700 هەزار دیناری عێراقییە و ئەو زەوییانەش کە باڵەخانە و کابینەی گەشتیاریی و رێستۆرانت و هۆتێل و ئۆفیسیان لەسەر دروستکراوە، جگە لە بەهای زەوییەکە بەهای بیناکەش بەجیا خەمڵاندنی بۆ کراوە و کەلوپەلی نێو بیناکانیش بە هەمانشێوە دەخرێنە زیادکردنەوە.
 
لە بەدواداچوونەکەی رووداوی ئەمڕۆ دەردەکەوێت، بەهای خەمڵێندراوی 32  موڵکیان دەگاتە 8 ملیار و 928 ملیۆن و 640 هەزار دینار، هاوکات بەهای 8 موڵکیان دەگاتە 976 ملیۆن و 80 هەزار دینار و دوو موڵکیشیان کە پێکهاتوون لە هۆڵی سپی و ئۆفیسی کۆمپانیای چاڤی بەهاکەیان بە 6 ملیار و 200 ملیۆن دینار خەمڵێندراوە، کەپرە گەشتیارییەکانی نێو چاڤیلاندیش بەهایان بە 5 ملیار و 601 ملیۆن دینار و هۆتێلێکی نێو پڕۆژەی چاڤیلاندیش کە تەنیا هەیکەلە و تەواونەکراوە بە 7 ملیار و 464 ملیار و 375 هەزار دینار خەمڵێندراوە.
 
جگە لەمانە، موڵکێکی دیکەی کۆمپانیای نالیا کە وێستگەی کۆتایی تەلەفریکی (چاوی سلێمانی)یە لەسەر چیای گۆیژە و کۆشکی گەشتیاری و کافتریای لەسەر دروستکراوە بەهاکەی بە 6 ملیار و 800 ملیۆن دینار خەمڵێندراوە و دوو پارکینگی گەورەی نێو پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤیلاندیش بە هاکەیان بە 6 ملیار و 758 ملیۆن و 550 هەزار دینار خەمڵێندراوە، بەوپێیەش کۆی نرخی خەمڵێندراوی 60 موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکەی کۆمپانیای نالیا دەگاتە 53 ملیار و 317 ملیۆن و 25 هەزار دینار و ئەگەر لە بڕی خەمڵێندراو زیاتر پارە نەکەن ئەوا پێویستە کۆمپانیای نالیا و هاوپشکەکانی کورتهێنانی قەرزەکان پڕبکەنەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە